لە ناوچەی سۆران 500 كەس دەستگیردەكرێن

قایمقامی شارۆچكەی سۆران رایدەگەیەنێت لەمەودوا رێگە لەو كەسانە دەگیرێت كە لە سنوورەكانەوە دەچنە دەرەوەی وڵات، لەم پەیوەندەشدا ٥٠٠ كەس دەستگیر كراون.

لەمبارەیەوە كرمانج عێزەت، قایمقامی سۆران بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو كەسانەی لە سنووری ئێمەوە بە قاچاخ دەچنە دەرەوەی وڵات، جا عەرەب، یان كوردی ڕۆژئاوای كوردستان، یان كوردی باشووری كوردستان بن، دەستگیر دەكرێن و لە ماوەی ڕابردوودا ٥٠٠ كەس دەستگیر كراون.''

وتی: ''بۆ ئەوەی ڕێكاری توندتر بگرینە بەر بۆ نەھێشتنی قاچاخچێتی لەو سنوورەدا، ھەریەكە لە قایمقامی سۆران، چۆمان و مێرگەسوور كۆبوونەوەیەكمان ئەنجام دا و تێیدا بڕیار درا، لەمەودوا چاودێرییەكان ورتر بن و ڕێكاری توندتریش بگرینە بەر، تا بتوانین ڕێگری لەو دیاردە بكەین، چونكە خەڵكێك لەو سنوورەوە بە قاچاخ دەچنە دەرەوەی وڵات.''

 دەشڵێت: ''بەشێك لەو كەسانەی دەستگیر كراون، دادگایی كراون و بەشێكیش بۆ شوێنی خۆیان ڕەوانە كراونەتەوە، بەڵام لەمەودوا ڕێكارەكان توندتر دەبن و ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و سزا دەبنەوە.''



PM:03:30:11/05/2017