میدیاکانی پارتی: یەکێتی و پارتی پەرلەمان کارا دەکەنەوە

میدیاکانی پارتی ئاشکرای دەکەن کە پارتی و یەکێتی دەیانەوێ پەرلەمانی کوردستان بۆ دوو پرس کارا بکەنەوە. 
 
ماڵپەڕی باسی نزیک مەسرور بارزانی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادارەوە بڵاویکردەوە" بەپێی ئەو رێککەوتنانەی پارتی و یەکێتی بۆ پرسی ریفراندۆم کردوویانە، ھەردوو لا لەگەڵ ئەوەدا بوون پەرلەمانی کوردستان پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم و بەسەرچوونی ماوەکەی، کە لە مانگی (١١)ی ئەمساڵ وادەی کۆتایی دێت، بڕیاری کاراکردنەوەی بدرێت، ئەگەر لایەنەکان ھەمووان بۆ ئەو پرسەش نەھاتنە پێشەوە، ئەوا بە دەنگی زۆرینە گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتیی پەرلەماندا بکرێت".

سەرچاوەکەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەو ماڵپەڕە ئاشکراشی کردووە، " پارتی و یەکێتی و کۆتاکان و ھەندێ لە پارتەکانی دیکە، تەنیا بە (٥٠+١) دەتوانن زۆرینەی پەرلەمانی و نیسابی یاسایی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دروست بکەن و بەپێی ماددەی (٢٢)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی ئامادەش نەبن، ئەوا زۆرینە دەتوانێ کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدات، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەش بەپێی ماددەی (١٦)ی پەیڕەوی ناوخۆ دەدرێت بە بەتەمەنترین پەرلەمانتار".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو، پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ دوو دۆسیەیە و گرنگترینیان پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمە لە ھەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە پاییزی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێ.

 سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، یەکێتی بۆ ئەو پرسە لە کۆبوونەوە ھاوبەشەکەیدا لەگەڵ گۆڕان قسەی کردووە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی یەکلاکەرەوەی نەداوە، ھێندە نەبێت سەرکردەکانی گۆڕان ئاماژەیان بەوە داوە کە لە کۆبوونەوەی جڤاتی گۆڕان لە پێشتر بڕیاریان داوە کە پرسی گۆڕانکارییەکان لە سەرۆکایەتییەکان بە یەک پاکێج بێت، بەڵام گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە دەکەنەوە و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان قسە دەکەن.

 سەرچاوەکە راشی گەیاند، پارتی و یەکێتی ئێستا دەتوانن ٦٥ بۆ ٧٠ کورسیی پەرلەمان بۆ ئەو پرسە کۆ بکەنەوە، بەڵام دەیانەوێ بڕیاری ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی لەگەڵدا بێت.



AM:11:03:16/05/2017