عەبادی: دەست بە ئۆپەراسیۆن دەكەینەوە

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرایدەكات پاش تەواوبوونی ئۆپەراسۆنی كۆنتڕۆڵكردنی موسڵ دەست دەكەن بە ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای حەویجەی سەربە پارێزگای كەركوك.

لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەكرد هێزە ئەمنییەكان پێشڕەویی باش و بەرچاویان كردووە لە ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ كردووە و ئۆپراسیۆنەكەش بەپێی ئەو پلانە بەڕێوەدەچێت كە بۆی دانراوە وتیشی "لە چەند رۆژی داهاتوودا ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ تەواو دەبێت و پاش ئەوەش دەست دەكەن بە ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای حەویجەی سەر بە پارێزگای كەركوك".

عەبادی لەبارەی شەڕی موسڵەوە باسی لەوەكرد بە ئامانجی درێژكردنەوەی ماوەی شەڕەكان، داعش خەڵكی مەدەنی وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاردەهێنێت.

سەبارەت بە ئۆپراسیۆنەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی لەوەكرد، قۆناغی یەكەمی ئۆپراسیۆنەكان تایبەتن بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی (رحالییە و نەخیب و قۆناغی دووەمیش تایبەت دەبن بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزاكانی، عانە، راوە و قایم لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار).

ئەوە لەكاتێكدایە دوێنێ 16ی ئایار یەحیا رەسوڵ، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ڕایگەیاند "لەوەتەی ئۆپراسیۆنەكانی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ دەستی پێكردووە، 16 هەزار و 467 چەكداری داعش كوژراون و بەرپرسانی سەربازی عێراق دەڵێن چەكدارانی داعش تەنیا 12 كیلۆمەتر چوارگۆشەیان لەشارەكە بەدەستەوە ماوە".




AM:11:26:17/05/2017