هێزێکی ئەمنی ڕەوانەی چەمچەماڵ دەکرێت

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دەرکردنی چەند بڕیارێک کۆتایی هات و یەکێک لە بڕیارەکانیش ڕەوانەکردنی هێزێکی ئەمنیە بۆ چەمچەماڵ.

ئەمڕۆ 18ی ئایار  ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەیەکى نائاسایی ئەنجامدا و قائیمقام و بەڕێوەبەری پۆلیس و ئاسایشی چەمچەماڵى بانگھێشتکرد و لە کۆبوونەوەکەدا بۆ ڕێگرتن لەڕووداوەکانى تەقەکردن و چارەسەرکردنى کێشە ئەمنییەکانى قەزاکە چوار بڕیار دەرکران ئەمەی خوارەوەش دەقی بڕیارەکانن:


یەکەم - ناردنی ھێزێکی تایبەتى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ کە ژمارەیان لە 100 کەس کەمتر نەبێت.

دووەم - دابینکردنی پێداویستی و کەلوپەل و ئۆتۆمبێل بۆ ھێزەکانی ناوخۆ و ئیدارەی ناوچەکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە.

سێیەم- وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاری سلێمانى و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنى پێویست دەگرنەبەر بۆ پڕکردنەوەی میلاکاتی بەڕێوەبەرایەتییەکانى ناوچەکە.

چوارەم - کردنەوەی بنکەی پۆلیس و نەھێشتنی تاوان لە قەزاکە.

لەماوەی ڕابردوودا ڕووداوەکانی تەقەکردن و کوشتن بەڕێژەیەکی بەرچاو لە چەمچەماڵ زیادی کرد و بەپێی ئامارەکانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی چەمچەماڵ لە چوار مانگی ئەمساڵدا 5 ھاوڵاتی کوژراون و بە تۆمەتی جۆراو جۆریش 455 کەس دەستگیر کراون.

ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرو نوسەرو چالاکانى چەمچەماڵیش دەستەیەکیان بۆ سەردانى لایەنە سیاسیەکان و دامەزراوەکانى حکومەت پێکهێناوە، بەپێی ئامارەکانی ئەو دەستەیە لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 60 حاڵەتی تەقەکردن و شەش حاڵەتی ھەڵکوتانە سەرماڵان تۆمارکراون کە ھەندێکیان قوربانیان لێکەوتووەتەوە، یەکێک لەحاڵەتەکان کوشتنى مامۆستایەک بوو لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە.



PM:09:47:18/05/2017