گۆڕان: با یەکێتی رێز لە واژووی سکرتێرەکەیان بگرن، نەک باسی تێکڵاوکردنی گۆڕان‌و یەکێتی بکەن

پەرلەمانتارێکی گۆڕان، لە وەڵامی بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە داوای تێکڵاوکردنی گۆڕان و یەکێتی دەکات، دەڵێت" با یەکێتی رێز لە واژووی سکرتێرەکەیان بگرن، نەک باسی تێکڵاوکردنی گۆڕان‌و یەکێتی بکەن".

هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لە وەڵامی بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا کە ئەمڕۆ بەبۆنەی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە بڵاوکرایەوە، دەڵێت" بۆ ئێمە وەکو بزوتنەوەی گوڕان، ئیلتیزامێک هەیە کە ڕێکەوتنی نێوانمانە لەگەڵ یەکێتی نیشیتمانی کوردستان و ئێمە ڕێز لەواژۆکەی ڕێکخەری گشتییمان ئەگرین و مەبەستمانە ڕێکەوتنەکە جێبەجێبکرێ، خۆ ئەگەر یەکێتی نیشیتمانی کوردستانیش جدین پێویستە ڕێز لە واۆی سکرتێری گشتی یەکێتی بگرن بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە، نەک باسی تێکەڵاوبونەوە و ئەو شتانە بکەن".

هۆشیار عەبدوڵا لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ سپی دەڵێت" ساڵێک زیاترە بڕیار بەدەستانی یەکێتی نەیانویستوە ڕێکەوتنێک جێبەجێبکەن ، لامان سەیرە ئێستا باسی یەکگرتنەوە ئەکەن ، ئەوان لە هەنگاوی یەکەما ساتمەیان بردوە ، جارێ زوە بۆ باسی هەر هەنگاوێکی تر". 

سەبارەت بە ئایندەی کارکردنی گۆڕان؛ ناوبراو پێوایە " گوڕان ئومێدێکی گەورەیە لای خەڵک خاوەی پرسێکی ڕەوایە کە کارکردنە بۆ دادگەری کۆمەڵایەتی و دژایەتی گەندەڵی و دیموکراسی وحوکمی یاسا  گۆڕان قاعیدەیەکی جەماوەری فراوان و  کۆمەڵێک دامەزراوەی دەستوری هەیە و کۆمەڵێک هێڵی سەرەکی کارکردنی هەیە کە ڕێکخەری گشتی گوڕان دایرشتوە، لەسەر هەمان ئەو نەفەسە ئازا و ئازادە درێژە بە خەباتی سیاسی و ڕێکخراوەیی ئەدەین، گرنگە ڕون بێت هەرکەسێک دوای خودی کاک نەوشیروان کەوتبێت ، وا ئەو ماڵئاوایی لێکردین ، هەرکەسێکیش دوای فکر و بەرنامەکەی کەوتوە ، ئەوا نەهجی کاک نەوشیروان زیندو و درەوشاوەیە وهەرگیز دەست لە ڕێباز و قوتابخانەکەی بەرنادەین" .

  



PM:09:10:19/05/2017