بزووتنەوەی گۆڕان: لە جاران سوورتر دەبین لەسەر پەیامەکانی نەوشیروان مستەفا

شۆڕش حاجی لە وتاری کۆچیی دوایی نەوشیروان مستەفادا ڕایگەیاند کە لە جاران سورتر دەبن لەسەر پەیامەکانی نەوشیروان مستەفا و یەکێتیش ڕایگەیاند خەونەکەی نەوشیروان مستەفا لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و گٶڕان بەدی دەهێنین تا یەکگرتنەوە.

شۆڕش حاجی وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە پاش بەخاکسپاردنی نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لە قۆناغە گرنگەکانی ژیانی سیاسیی و ئەدەبی و مێژووی و ڕۆژنامەگەری نەوشیروان مستەفای کرد.

هەروەها حاکم قادر حەمەجان وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند خەونەکەی نەوشیروان مستەفا لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و گٶڕان بەدی دەهێنین تا یەکگرتنەوە.

باسی لەوەشکرد کە نەوشیروان مستەفا بەر لە هەموو جیهان و بەر لە ٣٠ ساڵ بیری لە پارچەکردنی عێراق کرد بۆ سێ ناوچەی سوونە و شیعە و کورد.

هاوکات سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی، عەمار حەکیم ڕایگەیاند هەموو عێراق سەرکردەیەکی گەورەی لەدەستداوە و نەوشیروان مستەفا نامرێت.

هەروەها وتی پێویستە قەرەبووی نەوشیروان مستەفا بکرێتەوە و هەروەها سودی لێوەبگیرێت لە هێنانە پێشەوەی گەنجاندا.

جەختیشی کردەوە کە پێویستە لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببینەوە بۆ چارەسەری کێشەکانمان، لە نێوان هەولێر و بەغدادا.
هەروەها سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند نەوشیروان مستەفا هەموو کەس بۆی بەخەمە و وایکردووە بە دۆست و دووژمنەوە بێنە ئێرە و وەک یەکگرتوو هاوخەم و هاوخەباتین لەگەڵ گۆڕاندا.



AM:11:42:20/05/2017