جلوبەرگی ئەم خانمە وەزیرە لە فێستیڤاڵی كان هەرای نایەوە

"میری ریگۆڤ" وەزیری كلتوری ئیسراییل بەو جلوبەرگەی لە فێستیڤاڵی كان لەبەری كردبوو، بووە هۆی توڕەیی فەلەستینییەكان‌و لە دنیای سیاسەت‌و مۆدەدا هەرای نایەوە.

لەسەر ئەو پۆشاكەی وەزیری كلتوری ئیسراییل لەبەری كردبوو، ئاسۆی شاری بەیتولموقەدەس لەگەڵ دیواری رۆژئاوا ‌و (قبە الصخرە) كێشرابوو. لەمبارەیەوە میری ریگۆڤ دەڵێت "ئەمساڵ ئێمە پەنجاهەمین ساڵیادی ئازادكردنی‌و یەكگرتووی بەیتولموقەدەس جەژن دەگرین‌و شانازی بەوەوە دەكەم كە ئەم رۆژە مێژووییە لە رێگەی هونەر‌و مۆدەوە جەژن دەگرم".

كاربەرانی لایەنگری فەلەستین لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك چەندین وێنەی وەزیری كلتوری ئیسراییلیان بڵاوكردەوە كە بە فۆتۆشۆپ لەسەر پۆشاكەكەی دڵۆپی خوێن‌و شیوەن‌و گریانی ژنێكی فەلەستینی لەناو كەلاوەكانی كەرتی غەزە نەخشاندووە.



PM:02:00:21/05/2017