داوا دەکرێت ئەم کەسانە نەچنە سەر مەزاری نەوشیروان مستەفا

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان پێشنیار دەکات کە رێگا بگیرێت لەو کەسانەی گلاون لە گەندەڵیەوە بچنە سەر مەزاری نەوشیروان مستەفا. 

عەبدورەحمان عەلی رەزا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لە پۆستێکدا بەناونیشانی (پێویستە لەسەر مەزاری كاك نەوشیروان بنوسرێت) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک داوا دەکات "  ئەو كەسانەی دەچنە سەر مەزاری نەشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان نابێت تێوە گلابن لە گەندەڵی".

هەروەها ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت"هاتن بۆ سەر ئەم مەزارە بۆ ئەو كەسانە نیە كە تێوەگلاون لەگەندەڵی و بردنی سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی هەرێم لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی و خۆ دەوڵەمەندكردن".

ناوبراو باس لە رۆحی نەوشیروان مستەفا دەکاتەوەو دەنووسێت" بەدڵنیاییەوە ڕۆحی كاك نەوشیروان بەسەردانیكردنی ئەو جۆرە مرۆڤانە ئازار دەچێژێت لەجیاتی ئاسودە بوون".



PM:08:38:21/05/2017