دوو فەرماندە و سەدان چەكدار پارتی چوونە ناو حەشدی شەعبیەوە

لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا دوو فەرماندەی سەربازی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان و سەدان چەكدارەوە چوونە ناو حەشدی شەعبیەوە.

ڕۆژنامەی ئاژانس لە ژمارە 41یدا كە ئەمڕۆ 24ی ئایار دەرچووە لە بابەتی سەرەكیدا و لە زاری بەرپرسێكی مەڵبەندی موسڵی یەكێتیەوە ئاشكرایكردووە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەریەكە لە (سەعدوون سمیل و تالیب ئەحمەد جاسو) كە ئێزدین و پێشتر بەرپرس بوون لە فەرماندەیی شنگالی نزیك لە پارتی چوونەتە ناو حەشدی شەعبیەوە.

ڕەنا حەسەن قاسكی، ئەندامی مەڵبەندی موسڵی یەكێتی وتوشیەتی "بەر لە دوو ساڵ خال عەلی، فەرماندەی فەوجی لالش چووەتە ناو هەمان هێز كە ژمارەی هەموویان نزیكەی 1300 چەكدار دەبوو".

لەو بارەیەوە خال عەلی، كە ئێستا فەرماندەی فەوجی لالشە هەواڵەكەی پشت ڕاست كردۆتەوە و ڕایگەیاندووە "جگە لە ئێمە ژمارەیەك چەكداری ئێزدی تر لەناو هێزەكانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەمان شێوە ڕوویان لە حەشدی شەعبی كردووە".

لای خۆشیەوە ئەحمەد ئەسەدی، وتەبێژی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند "ژمارەیەك لە برایانی ئێزدی پەیوەندیان بە هێزەكانمانەوە كردووە و فەرماندەشیان تێدایە و ئێمەش هەموو جۆرە هاوكاریەكیان دەكەین".




AM:11:12:24/05/2017