جەعفەر ئیمینكی میكانیزمی كاراكردنەوەی پەرلەمانی راگەیاند

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، سەركردایەتی سیاسی كورد لەگەڵ بەغدا دیاریكردنی سنوور و پرسی ناوچە كێشە لەسەرەكان یەكلایی دەكاتەوە و لە ئێستاشدا هەوڵ بۆ ئەوە دەدرێت كە پەرلەمان لەسەر میكانیزمێكی دیموكراسی و یاسایی كارا بكرێتەوە.

 جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاند:" هەوڵ بۆ ئەوە دەدرێت كە پەرلەمان لەسەر میكانیزمێكی دیموكراسی و یاسایی كارا بكرێتەوە، پارتی پێشتر رێككەوتنێكی دووقۆڵی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا هەبوو لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا سەرۆكایەتی پەرلەمان پێكهێنرا، بەڵام لە ئێستادا ئەو رێككەوتنە بە تەواوی هەڵوەشێنراوەتەوە، بۆیە بۆ قۆناغی كاراكردنەوەی پەرلەمان پێویستە رێككەوتنێكی نوێ بكرێت لە نێوان لایەنەكان و قۆناغەكە وا دەخوازێت رێككەوتنێكی نوێ لە نێوان هەموو لایەنەكان بكرێت".

هەروەها وتیشی:" هەوڵەكان بەردەوامن بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و بە باشی دەزانن كە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم پەرلەمان كارا بكرێتەوە و ئەگەر لایەنە سیاسییەكان یەكڕیز و تەبا بن، پێش ئەیلوولی ئەمساڵ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دەدەین، چونكە لە ئێستادا هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بە هەموو پێوەرێك ئامادەن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، بە مەرجێك كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی پێشوەخت ئاگادار بكرێتەوە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، چونكە لانیكەم دوو مانگیان پێویستە بۆ تەواوكردنی ئامادەكارییەكانیان بۆ ریفراندۆم".

لەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان و ئەو كێشە و كۆسپانەی دوای ڕیفراندۆم دێنەپێش، ئیمیكی ووتی:" رەنگە چەند كۆسپێكی بچووك لێرە و لەوێ رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بێتەوە، بەڵام پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا و ئێران وەك دوو وڵاتی درواسێ لە دۆخێكی ئاسایی دەمێنێتەوە و هەریەك لە توركیا، ئێران و عێراق لەوە ئاگادار كراونەتەوە كە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان مەبەستیانە ریفراندۆم ئەنجام بدەن، هیچ كامێك لەو وڵاتانە بە كردەیی دژی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان نابن، بەڵكو دژایەتییەكە تەنها لە چوارچێوەی تیۆری و لێدوانی نەرێنی دەبێت، نەك دژایەتی فەرمی".



PM:01:13:25/05/2017