یەكگرتنەوەی فراكسیۆنی گۆڕان و یەكێتی هەڵوەشایەوە

یەكگرتنەوەی هەردوو فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق هەڵدەوەشێتەوە هەڵسوڕاوێكی گۆڕانیش دەڵێت "لەمەودوا بەشێوەی سەربەخۆ كاردەكەین".

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی (باس نیوز) لەزاری سەرچاوەیەكەوە گواستویەتیەوە كە هەوڵەكانی یەكگرتنەوەی هەردوو فراكسیۆنی گۆڕان و یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق هەڵدەوەشێتەوە و ئەو هەنگاوانەی بۆ ئەم مەبەستە نراون، كۆتاییان پێ دەهێندرێت. 

سەبارەت بەو پرسە عەدنان عوسمان، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكردووە بزووتنەوەی گۆڕان لە بەغدا و لە كوردستانیش بەشێوەیەكی سەربەخۆ كاری خۆی دەكات و ئەجێندای هیچ حزبێك جێبەجێ ناكات.

پێشتر لە ڕێككەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی كاركردنی فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمانی هەرێم و بەغدا بەیەك تیم و بەیەكگرتوویی بڕیاری لێدرا، لەوبارەیەوە عەدنان عوسمان ڕایگەیاند "ڕێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە و نەتوانراوە جێیەبەجێش بكرێت، ئیتر هیچ واتایەك نامێنێتەوە، رەنگە پێكەوە كاركردن هەبێت، بەڵام بۆ یەكگرتنەوە و یەك فراكسیۆنی، جێبەجێ نەكراوە و گۆڕان لەبەغدا وەك فراكسیۆنێكی كارا كاری خۆی دەكات".

ڕۆژی 19ی ئایار نەوشیروان موستەفا، ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كۆچی دوایی كرد و هەمان ڕۆژ لە بەیانامەیەكدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە فەرمی داوای یەكگرتنەوەی لە گۆڕان كرد.



PM:12:19:27/05/2017