ئومێد خۆشناو: سوپاس بۆ خەیار

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێت "ئەگەر عەیبە و شەرمیی من بەخشینی چەند كیلۆ خەیارێك بیت، هەزار جار سوپاس بۆ خەیار".

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند "چەند رۆژێك لەمەوبەر رێكخراوی هاریكاری كوردی ئەمریكی، لە هەنگاوێك بۆ بەگەڕخستنی تواناكانی لاوانی كەمپی بەحركە، ژمارەیەك خانووی پلاستیكیان دروستكردبوو، بۆ چاندنی خەیار، لەكاتی تەواو بوونی پڕۆژەكە منیش یەكێك لەو كەسانە بووم، بانگێشت كرابووم".

لەڕونكردنەوەكەدا ئاماژەی بەوە داوە لەسەر داوای ئەو ڕێكخراوە یەكەم بەرهەمی ئەو خەیارەیان پێمان ڕنی و پاشان داوایان كرد بەسەر دانیشتوانی كەمپەكەی دابەش بكەین.

ئومێد لە بەشێكی دیكەی ڕوونكردنەوەكەدا دەڵێت "هەرچەند زۆر باش ئەوە دەزانم، چەند ساڵێكە لەژێر چاودێری ومیكرۆسكۆب و فوكسی نەیارانم، بۆیە دوای هەشت جار لەهاك كردنی ئیمێڵ و واڵەكەم، سوپاس بۆ خودای گەورە هیچ شتێكی منیان دەستنەكەوت تا شەرمەندە ببم لەگەڵ خۆم و هەڤاڵانم و حزبەكەم، هەر بۆیە ئەگەر عەیبە و شەرمیی من بەخشینی چەند كیلۆ خەیارێك بیت، هەزار جار سوپاس بۆ خەیار".

دەقی ڕونكردنەوەكەی ئومێد خۆشناو : ڕونكردنەوە و سوپاسێك بۆ خەیار
ئومێد خۆشناو
چەند ڕۆژێكە وێنەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لە چەند سایتێكی بێ ئیش، بۆتە بابەتێكی هەرزان بازاڕ وەك ئەوەی هەنگوینیان لە دار دۆزیبێتەوە، دەربارەی دەنوسن وقسان دەكەن!.
 هەرچەند نەم دەویست هیچ سەبارەت بە بابەتێكی وا پووچ بڵێم، بەڵام لەسەر داوای چەند هەڤاڵێكی ئازیز بەكورتی دەڵێم. 
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕێكخراوی هاریكاری كوردی ئەمریكی، لە هەنگاوێك بۆ بەگەڕخستنی تواناكانی لاوانی كەمپی بەحەركە، ژمارەیەك خانووی پلاستیكیان دروستكردبوو، بۆ چاندنی خیار.
لەكاتی تەواو بوونی پڕۆژەكە منیش یەكێك لەو كەسانە بووم، بانگێشتكرابووم.
لەوێش لەسەر داوای ئەو ڕێكخراوە یەكەم بەرهەمی ئەو خیارەیان پێمان ڕنی وپاشان داوایان كرد بەسەر دانیشتوانی كەمپەكەی دابەش بكەین.
ئەمە كورتەی بابەتەكە بوو،بەڵام دەمەوێ بڵێم
*ئەو ڕێكخراوە وەك چالاكی خۆیان وێنەكانیان بڵاو كردوتەوه
*من باوەڕی تەواوم بەو تێفكرینە ئایینیە هەیه،كە دەڵی چاكەی بە دەستی ڕاست بكەو دەستی چەپ ئاگادار نەبێت.
بۆنموونە كاتی خۆی كە خانووی پەرلەمانتاریم پێشكەش بە منداڵانی ئۆتیزم كرد، من باسم لێوە نەكرد، بەڵكوو كوڕە شەهیدێكی هەڤاڵم باسی كردو ئینجا لە میدیاكان بڵاوكرایەوە
*ئەگەر منێك خانوو ببەخشم شەرم بكەم باسی بكەم، عەیبێكی زۆر گەورەیه،باسی بەخشینی چەند كیلۆ خیارێك بكەم!.
هەرچەند زۆر باش ئەوە دەزانم،چەند ساڵێكه لەژێر چاودێری ومیكڕۆسكۆب وفوكسی نەیارانم،بۆیه دوای هەشت جار لەهاك كردنی ئیمێڵ و واڵەكەم،سوپاس بۆ خودای گەورە هیچ شتێكی منیان دەستنەكەوت تا شەرمەندە ببم لەگەڵ خۆم وهەڤاڵانم وحزبەكەم
هەر بۆیه ئەگەر عەیبە وشەرمیی من بەخشینی چەند كیلۆ خیارێك بیت،هەزار جار سوپاس بۆ خیار!.
لەكۆتایدا دەڵێم سبەی یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزە،هەر بۆیه لەبەر خاتری ئەو مانگی بەخشینە،گەردەنتان ئازادبێت وهەڵپەڕن وجونان بدەن چی نەتان كردوە بیكەن.
وەسلام



PM:12:38:27/05/2017