سپی زانیاری ورد لەسەر دەمەقاڵێی توندی نێوان فەرەیدون عەبدولقادرو لاهوری شێخ جەنگی بڵاودەکاتەوە

لەسەر "هوها کێشان" لە ژمارەیەک بەرپرسی یەکێتی لە رۆژی ناشتنی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، دەمەقاڵێ لە رێگای نامەی ئەلکترۆنیەوە دەکەوێتە نێوان ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی فەرەیدون عەبدولقادر و لاهوری شێخ جەنگی به‌رپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری هه‌رێم و بەوهۆیەوە فەرەیدون عەبدولقادر کوردستان جێدە‌هێڵت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" لاهوری شێخ جەنگی دوای ئەوەی هەواڵی ئەوەی پێدەگات کە فەرەیدون عەبدولقادر لەلای بەرپرسانی باڵای یەکێتی تۆمەتباری دەکات کە ئەو گەنجانی هانداوە " هوها بکێشن " لە چەند بەرپرسێکی یەکێتی لە گردی زەرگەتە لەکاتی ناشتنی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، لەو کاتەدا کە لەوڵاتی نەمسا دەبێت نامەیەکی ئاسایی دەنێرێت بۆ فەرەیدون عەبدولقادر، ئەویش وەڵامی دەداتەوە، سەرەتا نامەکانی نێوان ئەو دوو بەرپرسەی یەکێتی هێمن دەبن، بەڵام دواتر دەبێتە دەمەقاڵێکی توندیان لە رێگای نامەوە".

دوای ئەو دەمەقاڵێیەی نێوانیان، بەرپرسێکی باڵای یەکێتی، داوا لە فەرەیدون عەبدولقادر دەکات بۆ ئەوەی گرفت دروستنەبێت، کوردستان جێبهێڵێت و بلیتی فڕۆکەی بۆ دابین دەکەن و پێش گەڕانەوەی لاهوری شێخ جەنگی لە وڵاتی نەمسا، فەریدون عەبدولقادر کوردستان جێدەهێڵێت.

دواتر لەسەر ئەو دەمەقاڵێیە کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لاهوری شێخ جەنگی بانگ دەکەن بۆ بینایەی مەکتەبی سیاسی  بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام کێشەکە چارەسەرناکرێت و بە هەڵپسێردراوی ماوەتەوە.
لەلایەکی ترەوە دەنگۆی ئەوە لە ئارادایە کە سەفەری فەرەیدون عەبدولقادر بۆ دەرەوەی وڵات پەیوەندی بە کێشەیەکی خێزانیشەوە هەیە لەسەر موڵک و ماڵ.

رۆژی ٢٠ ئایار لە کاتی ناشتنی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی سلێمانی هەوادارانی گۆڕان هوهایان لە چەند بەرپرسێکی یەکێتی کێشا، وەک ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر ئامادەبوونی ئەو بەرپرسانە کە ئەو هەوادارانە بە دۆستی پارتی و بەرپرس لە جێبەجێنەکردنی رێکەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی ناوزەدیان دەکردن.  



PM:06:17:27/05/2017