لەبارەی دەستگیركردنی دوو ئەندامەكەی یەکێتی، ئاسایشی ئامێدی رونكردنەوە دەدات

دوای دەستگیركردنی کارگێڕی کۆمیتەی ئامێدی یەکێتی لەلایەن ئاسایشەوە، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئامێدی ڕەتیکردەوە كە لەلایەن ئەوانەوە دەستگیرکرابێت.

خەلیل شاخکی بەڕێوەبەری ئاسایشی ئامێدی رایگەیاند: ئەو کارگێڕەی یەکێتی لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە و بە بڕیارێکی دادوەری دهۆک دەستگیرکراوە، نەک لەلایەن ئاسایشی ئامێدییەوە، بەبێ ئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئاشکرابکات.

لەلایەن خۆشییەوە هەوار محەمەد، بەرپرسی کۆمیتەی ئامێدی یەکێتی رایگەیاند: کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی شەوی ڕابردوو ئاگادارکراوەتەوە کە هۆگر سەلیم کارگێڕی کۆمیتەی ئامێدی یەکێتی و ئەندامێکی دیکەیان لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە دەستبەسەرکراون.
بەرپرسی کۆمیتەی ئامێدی یەکێتی وتیشی: هۆگر سەلیم و ئەندامەکەی دیکەیان لەنزیک گوندی گوهەرزێ کە دەکەوێتە نێوان ناحیەی دێرەلوک و قەزای ئامێدییەوە لەلایەن ژمارەیەک ئەندامی ئاسایشی پارتییەوە کە ئۆتۆمبێلێکیان پێبووە دەستبەسەرکراون بەبێ ئەوەی بزانن هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەیان چیە.

هەوار محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، کارگێڕی کۆمیتەکەیان لەلایەن ئاسایشەوە کەلەپچە کراوە و بە ئۆتۆمبێلێک بەرەو شوێنێکی نادیار براوە و نازانن چی بەسەرهاتووە.

هاوکات ئەو ئەندامەی دیکەیان کە لەگەڵ کارگێڕەکەدا دەستیگرابوو بە ئێن ئاڕ تی وتووە: دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەیان کردووە لەگەڵیدا لە ئاسایشی ئامێدی، ئازادکراوە.

بەرپرسی کۆمیتەی ئامێدی یەکێتی پاراستنی گیانی کارگێڕی کۆمیتەکەیانی خستە ئەستۆی ئاسایشی پارتی و وتیشی: پێویستە بەزووترین کات ئازاد بکرێت.



PM:02:50:29/05/2017