سەرۆکی پەرلەمان پەیامێك بڵاودەكاتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتی سیاسی کورد عەزیز محەمەدەوە ڕایگەیاند، ناوبراو نیو سەدە خەباتی کرد لە دژی چینایەتی و بەرقەراری  ئاشتەوایدا لە عێراق و کوردستان.

یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت "مامۆستا عەزیز محەمەد، زیاتر لە نیو سەدە لە خەباتی سیاسی و چینایەتی لە عێراق و کوردستان، ڕۆڵێکی گەورەی بینی و هەمیشە لە گۆڕەپانی ململانێکاندا بە سیاسەتمەدارێکی ئارام و پشوو درێژ و خۆنەویست ناسرابوو، لە پرۆسەی ئاشتی کوردستان و لە قۆناغە جیاوازەکانی شەڕی ناوخۆ، لە شاخ و لە شار، ڕۆڵێکی گەورەی بینی بۆ گفتوگۆ و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی. هەربۆیە لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی سیاسی نەتەوەکەمان، بە ڕێزەوە هەڵوێستە جوامێر و مرۆییەکانی مامۆستا عەزیز محەمەد دەنووسێتەوە".

سەرۆکی پەرلەمان نوسیویشیەتی "بەناوی خۆم و پەرلەمان و گەلی کوردستانەوە، پرسەو سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەزیز محەمەد و هەموو ئاشتیخوازانی کوردستان و عێراق دەکەم".



PM:05:22:01/06/2017