لیژنەی فەتوا: خوێندکاران و کاسبکاران لەم حاڵەتانەدا دەتوانن رۆژوو نەگرن

لە کاتێكدا تاقیکردنەوە وەزاریەکان دەکەونە مانگی رەمەزانەوە لیژنەی باڵای فەتوای کوردستان پەیامێک رادەگەیەنێت و چەند حاڵەتێک دادەنێت کە خوێندکاران دەتوانن بەڕۆژوو نەبن، هاوکات بۆ کاسبکارانیش چەند حاڵەتێک دیاریکراوە.

بەپێی ئەو پەیامەی لیژنەی باڵای فەتوای کوردستان کە دانەیەکی دەست سپی کەوتووە، هاتوووە" هەر كاتێك لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا قوتابیان پێویستیان بە خوێندن و پێداچوونەوەو تاقیكردنەوە هەبێت، بەڕۆژوو بوونیش وای لە قوتابیان كرد لە خۆئامادەكردن بۆ خوێندن و ئەنجامدانی تاقیكردنەوە سست ببن، لەم حاڵەتەدا بۆیان دروستە ئەو چەند ڕۆژە بەڕۆژوو نەبن و خۆیان بۆ تاقیكردنەوە ئامادە بكەن، دواتریش كە عوزرەكەیان تەواو دەبێت واجبە ڕۆژووەكانیان قەزا بكەنەوە".
  
هەروەها لە پەیامەکەی لیژنەی باڵای فەتوادا هاتووە" دەبێت قوتابی لەو زیان پێگەیشتنە دڵنیابێت، بەوەی لە وانەكان دەكەوێت یان زیانی پێدەگات، چونكە ڕۆژووگرتنی مانگی رەمەزان واجبە لەسەر هەموو موسڵمانێكی موكەلەف (عاقل و بالغ) بێت و تەندرووست و نیشتەجێ بێت".

زیاتر ڕوونیكراوەتەوە " هەموو واجبە شەرعییەكانیش بە تواناوە بەستراونەتەوە، بۆیە ئەگەر ئەو كەسە نەیتوانی بەڕۆژووبێت یان زیانێكی توانابەدەری پێدەگەیشت، لە ڕووی شەرعەوە بۆی دروستە ڕۆژووەكەی بشكێنێت، چونكە خوای گەورە دەفەرمووێت: (ڵا یُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا)".
لیژنەی باڵای فەتوای كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەر یەك لە كرێكار‌ و جوتیار و دروێنەچیەكان ‌و كاركەرانی خانووبەرە و كێڵگە و باغ و كاسبكارانی تر، كە ناگونجێ بە شەو كار بكەن، وە بۆ بەخێوكردنی خۆیان و خێزانیان پێویستیان بەو كارە هەیە‌، واتە هیچ سەرچاوەیەكی دیكەی داهاتیان نییە،(ئەو كارانە بۆ كرێ بن یان خوڕایی) واجبە شەو نییەتی ڕۆژووەكە بێنن.

هەروەها هاتووە "زیاتر ڕوونكراوەتەوە، كاتێك ڕۆژ بووەوە لەهەر كاتێكدا لەناو ڕۆژووەكەیاندا بێهێز بوون، ئەو كاتە دەتوانن ڕۆژووەكەیان بشكێنن‌ و لەكاتێكی تردا ڕۆژووەكەیان قەزا بكەنەوە".




AM:11:25:02/06/2017