هۆکارەکانی زیادبوونی کێش لە ڕەمەزاندا

لەگەڵ ئەوەی كە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی بەڕۆژوو دەبن و ڕۆژانی مانگی ڕەمەزان خواردن و خواردنەوە ناخۆن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دووچاری زیادبوونی كێشیان دەبنەوە.

زیادبوونی كێشی لەش بۆ كۆمەڵێك هۆكاری جۆربەجۆر دەگەڕێتەوە، كە گرنگترینیان پشتگوێخستنی سیستمێكی خۆراكی ناتەندروستە لە نێوان نانی ئێوارەوە و پارشێودا، هەروەها زۆر خواردنی ئەو خواردنانەی كە ڕێژەیەكی زۆر لە چەورییان تێدایە.

بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ڕۆژووگرتن هۆكارێكی كاریگەرە بۆ دابەزاندنی كێش و كەمكردنەوەی چەوری زیادی لەش.

ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە شەش هۆكاری تری خستووەتەڕوو كە لە مانگی ڕەمەزاندا دەبنە هۆی زیادبوونی كێش:

١- خواردنی بەردەوام لە ماوەی نێوان ڕۆژوو شكاندن و پارشێودا و نەجوڵان لەو ماوەیەدا، كە ئەوەش دەبێتە هۆی خاوبوونەوە و زیادبوونی كێش.

٢- خواردنی ئەو جۆرە شیرینیانەی كە لە ڕەمەزاندا دروستدەكرێن و دەخورێن ئەوەش لەبەر بوونی ڕێژەیەكی زۆر لە یەكەی گەرمی لەناویاندا، پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەكەن كە لەبری ئەو جۆرە شیرینیانە چەند دەنكێك خورما بخورێت باشترە.

٣- خواردنی برژاوە دەوڵەمەندەكان بە چەوری و یەكەی گەرمی.

٤- ئامادەسازی نەكردن بۆ گەدە دوای ڕۆژێكی دوورو درێژ لە نەخواردن و نەخواردنەوە، كە زۆرجار دەگاتە ١٢ كاتژمێر لە ڕۆژێكدا یان زیاتر، پسپۆڕان پێیان وایە كە دوای ڕۆژوو شكاندن بڕێك لە شەربەتی سروشتی بێ شەكری زیادكراو بخۆنەوە یان چەند دەنكە خورمایەك بكرێتە ناو ئاوی ئاساییەوە  و دوای ١٠ بۆ ٢٠ خولەك بخورێتەوە پێش ژەمی ئێوارە.

٥- ئەنجامنەدانی وەرزش و زۆر پشوودان و حەوانەوە دوای نانی ئێوارە و ڕۆژوو شكاندن.

٦- خەوتن ڕاستەوخۆ لە دوای نانی ئێوارە.

پسپۆڕەكان ئامۆژگاری ئەوەش دەكەن كە لە ئێواراندا خواردنی زۆر نەخورێت و باشتر وایە ڕۆژانە بەلانی كەمەوە ٣٠ خولەك پیاسە بكرێت، هەروەها باشتر وایە كە لەبری خواردنی شیرینی میوەی تازە بخورێت تاوەكو كێشی زیاد بەدەستنەهێنرێت.


PM:08:09:04/06/2017