مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆدەبێتەوە و قوباد تاڵەبانیش ڕوونکردنەوە دەدات

ئەمڕۆ بڕیارە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆببێتەوە و تێیدا قوباد تاڵەبانیش لەسەر گرێبەستەکەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای ڕووسنێفت کە بێ ئاگاداری ئەوان چووە بۆ ئیمزاکردنی ڕوونکردنەوە بدات.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی کۆببێتەوە و بە گوێرەی زانیارییەکانی سپیش قوباد تاڵەبانی لە بارەی سەردانەکەی حکومەتی هەرێم بۆ ڕووسیا و گرێبەستە ٢٠ ساڵییەکەیان لەگەڵ کۆمپانیای ڕووسنێفت ڕوونکردنەوە بە مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی دەدات.

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سپی ڕاگەیاند "قوباد تاڵەبانی بە بێ ئەوەی مەکتەبی سیاسیی ئاگاداربێت و نوێنەرایەتی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بکات، ئامادەی ئیمزاکردنی گرێبەستەکە بووە لەگەڵ کۆمپانیای ڕووسنێفت و پێشتر مەکتەبی سیاسیی بە هیچ شێوەیەک لە ناوەڕۆکی گرێبەستەکە ئاگادار نەکراوەتەوە".

ئەمەش لە کاتێکدا دێت دوێنێ قادر حاجی عەلی هەڵسوڕاوی باڵای گۆڕان ڕایگەیاند کە پێویستە ئەو گرێبەستە بۆ خەڵکی کوردستان ڕوونبکرێتەوە و داواشی لە یەکیتی کرد کە بەر لە پارتی لەسەر پرسی ئەو گرێبەستە ڕوونکردنەوەیان بداتێ.



AM:10:39:05/06/2017