حكومەت چەند قەرزداری فەرمانبەرانە؟

سكاڵا لەسەر دانەغاز و ئەو بەرپرسانە تۆمار دەكرێت كە گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ كردوە، ئەو بڕە پارەیەش ئاشكرا دەبێت كەحكومەتی هەرێم بەشێوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران قەرزدارە.

ئەمڕۆ 7ی حوزەیرانی فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستان لەنوسینگەی سلێمانی كۆبونەوە كۆبونەوەكەش تایبەت بوو بەو گرێبەستە نەوتیانەی حكومەتی هەرێم بەبێ ئاگاداری پەرلەمان واژۆیان دەكات.

عومەر عینایەت، ئەندامی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان بە SNNی ڕایگەیاندووە "لەبارەی‌ دانەغازەوە ڕاپۆرتێكمان ئامادەكردوە و داوای ڕونكردنەوە لەحكومەتی هەرێم دەكەین بۆئەوەی وەڵامی پرسیارەكانمان بداتەوە".

وتیشی‌ "ئەگەر وەڵامەكەی حكومەت نەیتوانی‌ قەناعەتمان پێبكات، سكاڵا لەسەر دانەغازو ئەوانەشی گرێبەستەكەیان لەگەڵدا واژۆكردوە دەكەین، لەدادگای فیدراڵیش لەبەغدا سكاڵا تۆماردەكەین و نوێنەری سەرجەم و وڵاتان و كونسوڵخانەكانیش لەهەرێم ئاگاداردەكەینەوە". 

لای خۆیشیەوە د.شێركۆ جەودەت ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی لەبارەی‌ قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێمەوە ئاشكرایكرد "ئەوەی حكومەتی هەرێم بەڕەسمی خۆی ڕایگەیاندوە گەیشتۆتە 27 ملیار دۆلار".

سەبارەت بەوقەرزەی‌ فەرمانبەرانیش كە بەناوی‌ پاشەكەوتی‌ موچەوە لای‌ حكومەتی‌ هەرێمە د.شێركۆ ئاشكرایكرد "تائێستا زیاتر لەسێ‌ میارو 500 ملیۆن دۆلاری پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران لای‌ حكومەتی‌ هەرێمە و مانگانەش پارەی‌ زیاتری‌ دەچێتەسەر".



PM:02:46:07/06/2017