سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وادەی هەڵبژاردن و ریفراندۆمی دیاریکرد

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەر بەوەوە نەوەستا وادەی ریفراندۆم دیاری بکات، داوای لە کۆمسیۆنیش کرد ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٦/١١/٢٠١٧ بکەن.
لە بەیانێکی فەرمیدا. د. یوسف  محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " كاتی هەڵبژاردنە گشتییەكانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان / عێراق ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی هەمواركراو و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاری بكەن، بەپیی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان / عێراق و ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەمواركراو، ئامادەسازیی تەواو بكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی دروست و پاك و بێگەر لە ماوەی ٦٠ ڕۆژ بەرلە ٦/١١/٢٠١٧".

دەقی نووسراوی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان:

دەقی نووسراوی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان:

بۆ ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی
بابەت/ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی هەرێم

لەڕوانگەی ئەوەی كە لە ٦/١١/٢٠١٧ چوار ساڵ بەسەر ویلایەتی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت و كۆتایی پێدێت، بەپێی ماددەی پەنجا و یەكی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی هەمواركراو، لەبەر ئەوەی ویلایەتیی درێژكراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ١٩/٨/٢٠١٥ كۆتایی پێهاتووە و ئیتر یارای درێژكردنەوەی نییە.

بەپێی ماددەی یەكەمی یاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان - عێراق ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠١٣ و لەو كاتەدا كۆمسیۆن ئەیتوانی هەڵبژاردنی گشتیی سەرۆكی هەرێم ئەنجام بدات و، لە هەمان كاتدا لەبەر ئەوەی پێویستە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.

بەپێی ماددەی (٤)ی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان / عێراق ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەمواركراو، لە ڕوانگەی ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ملكەچە بۆ چاودێریكردنی پەرلەمان و بەرپرسیارە بەرامبەری بەپێی ماددوەی (سێیەم)ی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٤، لەبەر ئەوەی پێگەی سەرۆكایەتیی هەرێم كێشەی شەرعیەتی یاسایی هەیە بەپێی مادەكانی (٣ و ١٧)ی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان / عێراق ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەمواركراو ومادەی یەكەمی یاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان - عێراق ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠١٣،

لە ڕوانگەی ئەوەی بەپێی مادەی ١٢ی پەیڕەوی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٥ی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، پێویستە بەر لە ١٨٠ ڕۆژ لە وادەی هەڵبژاردنەكان، دەست بە ئامادەكاری بكرێت!

لەبەر هەموو ئەوانەی لە سەرەوە باسكران و لەبەر ڕوانگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و وەزیفیمان لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و وەك پابەندبوون بە بەها جێگیرەكانمان داواتا لێدەكەین كە:
یەكەم: كاتی هەڵبژاردنە گشتییەكانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان / عێراق ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی هەمواركراو و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاری بكەن، بەپیی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان / عێراق و ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەمواركراو، ئامادەسازیی تەواو بكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی دروست و پاك و بێگەر لە ماوەی ٦٠ ڕۆژ بەرلە ٦/١١/٢٠١٧.

دووەم: ئامادەسازیی سەرەتایی ئەنجام بدەن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە هەمان كاتی هەڵبژاردنە گشتییەكانی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێم ئەگەر ئەو كاتە بە یاسایەك شێوازی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە پەرلەمانی كوردستانەوە ڕێكخرا، بەشێوەیەك ڕاپرسی لە كەركوك و ناوچە كوردستانیەیكانی دەرەوەی هەرێمیش ئەنجام بدرێت.
د. یوسف محەمە سادق
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان



PM:10:21:07/06/2017