حكومەت هەرێم لەسەر سەفەركردنی 1800 چەكداری داعش لە فرۆكەخانەی هەولێر هاتەدەنگ

رۆژنامەی "ئاژانس" لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە كە هەرێمی كوردستان لەبری 80 ملیۆن دۆلار، 1800 چەكداری داعشی لە فرۆكەخانەی هەولێرەوە روانەی ئەفغانستان كردوە، وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش رەتیدەكاتەوە.

رۆژنامەكە بە پشتبەستن بە زانیارییەكانی سایتی (ئۆكۆبلێنتی روسیا)روسی دەنوسێت: بەپێی رێككەوتنێكی سعودیە‌و ئەفغانستان، 1800 چەكداری داعش لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە بەرەو ئەفغانستان سەفەریان كردوە، لەبەرامبەریشدا هەرێمی كوردستان 80 ملیۆن دۆلاری وەرگرتوە، بە كورتییەكەی باس لەوەكراوە كە داعشەكانی ناو موسڵ هەرێمیان قۆستۆتەوە تاكو لێوەی هەڵبێن، بۆئەوەش چەند پەرلەمانتارێكی بەغدا لەوبارەیەوە لێدوانیانداوەو دەڵێن بەدواداچون دەكەن.

 سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەوبارەیەوە به رادیۆ‌ نه‌وای رایگەیاند: جێی داخە هەواڵێك بڵاوبۆتەوە كە هەندێ كەسی "مێشك بۆگەن" وابیردەكەنەوە هەرێمی كوردستان یاخود بەرپرسانی هەرێم، خوێنی شەهیدەكان بە هەدەر دەدەن بەرامبەر بڕێك پارەو رێگا خۆش دەكەن كە تیرۆریستانی داعش عیراق بە جێبهێڵن.

دزەیی وتیشی: ئەم هەواڵە دورە لە راستییەوە، ئێمە تائێستا زیاتر لە 1700 شەهیدمان هەیە، یەك دڵۆپ خوێنیان سەروەت و سامانی هەموو دنیا ناتوانێ پڕی بكاتەوە، بۆیە هیچ گەشتێكی راستەوخۆ لەنێوان هەرێم و ئەفغانستاندا نییە تا ئەو تیرۆریستانە لە رێگای هەرێمەوە چوبێتنە ئەفغانستان.

سەفین دزەیی وتیشی: وتەبێژانی حكومەتی فیدرال و گواستنەوەی عیراقیش ئەو هەواڵەیان پشتڕاست نەكردۆتەوە، تەنها چەند كەسانێك وەك بیركردنەوەیەكی تەسك بەرامبەر خەڵكی كوردستان و هەرێمی كوردستان ئەوەیان بڵاوكردۆتەوە، بەهەموو شێوەیەك ئەو هەواڵە دورە لە راستییەوە.



PM:01:43:08/06/2017