دامەزراندن دەستی پێکردەوە

ڕێکخراوی (GIZ)ی ئەڵمانی ژمارەیەک فەرمانبەر بەپێی پێویستی فەرمانگەکان دادەمەزرێنێت و بڕوانامەش ناکرێتە مەرج.

مەحمود عوسمان، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی بە ماڵپەڕی SNNی ڕاگەیاندوە "لەماوەی ڕابردوودا ڕێکخراوی (GIZ)ی ئەڵمانی بەشێوەی گرێبەست و بەمەبەستی چارەسەرکردنی کەموکوڕیەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەکانی حکومەتی ھەرێم، چەندین ھەلی کاری ڕاگەیاندوە".

سەبارەت بەپێدانی ژمارەی دامەزراندن لەلایەن ڕێکخراوەکەوە بۆ پارێزگاکان بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی ئاماژەی بەوەدا ڕێکخراوەکە ھیچ ژمارەیەکی دیاریکراو ناداتە پارێزگان، بەڵام دامەزراندنەکە بەشێوەی گرێبەست دەبێت و بەگوێرەی پێویستی فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتیەکانی حکومەت دەبێت.

بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی ئاشکراشیکرد دامەزراندنەکە بەشێوەی گرێبەستەو مەرج نییە ئەو کەسەی دادەمەزرێت خاوەن بڕوانامەبێت، بەڵکو کاری ڕێکخراوەکە بەگوێرەی تایبەتمەندی کەسەکانە.

پێشتر ئیدارەی گەرمیان ئاشکرایکرد ڕێکخراوە ئەڵمانیەکە 6000 هەلی کار ڕادەگەیەنێت و لەو ژمارەیەش 500 ھەلی کار بۆ گەرمیان دەستبەردەکات.


PM:03:26:09/06/2017