مەلا عەلی کەڵەک ڕاگەیەندراوی بڵاوکردەوە

مەلا عەلی کەڵەک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای مۆڵەتی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکیش دەکات.

لەپەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک، مەلا عەلی کەڵەک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە لە ئێستادا بەهۆی بڕیاری دادگاوە هیچ نەخۆشێک نابینێت، دەشڵێت سەرەڕای ئەوەی مۆڵەتی حکومەتی عێراقی هەیە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەڕێگەی تیمی پارێزەرانییەوە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات مۆڵەتی پێبدات بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەکەی.

ڕۆژی 6 ی ئەم مانگە، لەسەر سکاڵای وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، دادگای بەرایی قەزای بەردەڕەش سزای سێ مانگ بەندکردنی بۆ مەلا عەلی کەڵەک دەرکردووە، بەڵام جێبەجێکردنی سزاکەی ڕاگرت (وقف التنفیذ).

هەر بەپێی بڕیارەکە، لە ماوەی سێ ساڵدا ئەگەر هاتوو مەلا عەلی کەڵەک هەر تاوانێک بە ئەنقەسەت ئەنجام بدات، ئەوا سزای ئەو سێ مانگەشی دەچێتە سەر.

دادگا بڕیاری ئەوەشیداوە، کە نابێت مەلا عەلی کەڵەک ماوەی شەش مانگ نەخۆشخانەکەی بکاتەوە و دوای ئەو شەش مانگەش دەبێت وەزارەتی تەندروستی ڕەزامەندی دەربڕێت لەسەر کردنەوەی.

شەوی 2ی ئایاری 2017، مەلا عەلی کەڵەک لەسەر سکاڵای وەزارەتی تەندروستی لەلایەن پۆلیسی بەردەڕەشەوە دەستگیرکرا و دوای چەند ڕۆژێک بە کەفالەت ئازادکرا


PM:04:29:09/06/2017