دوای لاهوری شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی سەردانی بەغدا دەکات

بافڵ تاڵەبانی سەردانی بەغدا دەکات و چاوی بە عەبادی و چەند بەرپرسێکی تر دەکەوێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە دوو رۆژ لەمەوبەر، لاهوری شێخ جەنگی سەردانی بەغدای کردو چاوی بە نوری مالکی و چەند بەرپرسێکی تر کەوت.

هەرچەندە تا ئێستا ئامانجی سەرەکی ئەو دوو سەردانە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بافڵ تاڵەبانی و لاهوری شێخ جەنگی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەردانەکەیان بۆ بەغدا و بینی بەرپرسانی عێراق، بەمەستی تاوتوێ کردنی بارودۆخی سیاسی هەرێم و پەیوندیەکانی نێوان بەغداو هەرێم و شەڕی داعشە.

بافڵ تاڵەبانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەسەر مەبەستی سەردانەکەی دەڵێت" سەردانم بۆ بەغدادو کۆبونەوەم لەگەڵ دکتۆر فوئاد مەعصوم سەرۆك كۆمار، دكتۆر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و عەمار حەكیم سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیدا تەئكیدمان لە باشتر کردن و چارەسەركردنی پەیوەندییەكانی نێوان #هەرێم و #بەغداد كردەوە.

هەروەها نووسیوویەتی " لەو کۆبوونەوانەماندا؛ باسمان لە بەرەو پێشچونی ئۆپراسیۆنەكانی کۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ کردو، جەختمان لە رزگارکردنەوەی سەرجەم ئەو ناوچانە كردەوە كە لە ژێر دەستی تیرۆردان".

رۆژی چوار شەممەش لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاری هەرێم سەردانی بەغدای کردوو لەگەڵ مالکی و چەند بەرپرسێکی تری عێراقی کۆبووەوە، تا ئێستا نەزانراوە ئامانجی سەردانی ئەو دوو کەسەی بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ بەغدا چییە، مەکتەبی سیاسی یەکێتش تا ئێستا هیچ بەیانێک، یان لێدوانێکی فەرمی بڵاونەکرۆتەوە. 



AM:12:31:10/06/2017