گۆڕان: هەمو سیناریۆكان بۆ شاردنەوەی كێشەی كورسییەكەی بارزانییە

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت، جاڕدانی كۆبونەوەی پەرلەمان ئیشی مەكتەبی سیاسی پارتی ‌و هەندێ‌ حیزبی تر نیە و دەڵێت "هەموو سیناریۆكان بۆ شاردنەوەی كێشەی كورسییەكەی مەسعود بارزانییە".

برزۆ مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، بە میدیای فەرمی حیزبەكەی ووتوە كە " قەیرانی هەرێم پەرلەمانی كوردستان نیە، بەڵكو كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمە‌".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژە بەوەش دەكات هەموو سیناریۆ‌ و شانۆگەرییەكان بۆ شاردنەوەی یەك قەیرانە ئەویش كورسییەكەی مەسعود بارزانیە، بۆیە یەكەم ئیشی پەرلەمان دوای كاراكردنەوەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمە.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەزاری سەعدی ئەحمەد پیرەوە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند لەگەڵ پارتی ڕێككەوتون بە گەڕانەوەی یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكەم دانیشتی پەرلەمان و لە دووەم دانیشتندا كەسێكی دیكە هەڵدەبژێردرێت وەك سەرۆكی پەرلەمان.



PM:12:39:14/06/2017