سەرۆكی پەرلەمان پەیامێكی‌ بڵاوكردەوە
...وازدەهێنێت؟

سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لەبارەی‌ پرسی‌ كاراكردنەوەی‌ پەرلەمانەوە پەیامێكی‌ بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند، "ئەوەی‌ لەدوێنێوە باسدەكرێت ئەم هەڵاو مژدە بەخشینەوەیەی‌ نەدەویست".

د. یوسف محەمەد سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لەمیانی‌ بەسەركردنەوەی‌ یەكێك لەفەرماندەكانی‌ پێشمەرگە كە لەشەڕ دژی‌ داعشدا برینداربووە لەڕێگەی‌ دەزگاكانی‌ ڕاگەیاندنەوە سەبارەت بە كاراكردنەوەی‌ پەرلەمان پەیامێكی‌ بڵاوكردەوە.

لەوەڵامی‌ پرسیارێكی‌ ڕاگەیاندنكاراندا لەبارەی‌ هەڵوێستی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەبارەی‌ كاراكردنەوەی‌ پەرلەمان، سەرۆكی‌ پەرلەمان وتی‌:"جارێ با بەشێوەیەكی ڕەسمی ئەو باس و خواستانە بێتەكایەوەو وەكو گۆڕان بەڕەسمیی ئاگاداربكرێینەوە، ئەوكات قسەی‌ خۆمان دەبێت".

وتیشی‌:"ئەمەی دوێنێ باسكرا، ئەم هەڵاو مژدە بەخشینەوەیەی‌ نەدەویست، چونكە ئەوەی باسكراوە شتێكی تازەی تێدانییە".

لەبەشێكی‌ دیكەی‌ پەیامەكەیدا د.یوسف محەمەد ڕایگەیاند "جارێ با بزانین ئەوەی‌ دوێنێ‌ باسكراوە چی تێدایە سەبارەت بەدۆخی ئابوری خەڵك، تاچەندیش دەتوانرێت چی بكرێت، هاوكات سەبارەت بەیاسای سەرۆكایەتی هەرێمیش كە ئەسڵی كێشەكەیە بزانین دەتوانین چی بكەین".



PM:12:51:14/06/2017