لیژنەی باڵای فەتوا پەیامێك ئاڕاستەی هاوڵاتیان دەكات

ئەندامێكی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان، پەیامێك ئاڕاستەی موسڵمانان و دەوڵەمەندەكان دەكات و داوایان لێدەكات خێرو زەكاتەكانیان بدەنە خوێندكاران و ئەو كەسانەی دەستكورتن.

د.ئەحمەد شافعی، ئەندامی لیژنەی باڵای فتوای هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی SNNی راگەیاندووە مانگی پیرۆزی رەمەزان، مانگی خێرو سەدەقەیە، بۆیە هەر خێرێك لەم مانگەدا بكرێت، خوای گەورە بەچەندین قات دەیداتەوە.

شافیعی وتیشی "لەم مانگەدا موسڵمانان هەم زەكات دەردەكەن، هەم سەرفیترە دەدەن، هەم خێر و خێراتیش دەكەن، بۆیە پێغەمبەر (د.خ) لەفەرمودەیەكدا فەرمویەتی: هەركەسێك برسیەك تێر بكات، خوای گەورە لەبەهەشتدا ئەو تێردەكات، هەركەسێكشی تینویەك تێر ئاو بكات، خوای گەورە ئەویش تێر ئاودەكات".

ناوبراو داوا دەكات لەئێستا كە قەیرانی دارایی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، موسڵمانان بەئەندازەی توانای خۆیان هاوكاری ئەوانە بكەن كە دەستیان كورتە، جا ئەو كەسانە خوێندكار بن یان هەر كەسێكی دیكە.

ئەندامەكەی لیژنەی باڵای فەتوا لەهەرێمی كوردستان پەیامێكی ئاڕاستەی موسڵمانان و دەوڵەمەندەكان كردو رایگەیاند "بەشێكی زۆری تاقیكردنەوەكانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی و زانكۆكان، كەوتونەتە مانگی رەمەزانەوەو بەشێكیش لەو خوێندكارانەی لەبەشە ناوخۆییەكاندا دەمێننەوە دەستیان كورتە، بۆیە وەكو مامۆستایەكی ئاینی داوا لەهەموو خێرخوازان و دەوڵەمەندەكان دەكەم، بەئەندازەی توانای خۆیان هاوكاری خوێندكاران بكەن، چونكە خوای گەورە بە دە قات و سەدان قات پاداشتیان دەداتەوە".



PM:01:14:14/06/2017