پێش جەژن ئەم دەرماڵەیە دەدرێتە فەرمانبەران

دەرماڵەی‌ هاندان بۆ ئەو كارمەندانەی دابەش دەكرێت كە لەبەرەكانی‌ جەنگ لەئەركدان، میكانیزمی پێدانی‌ ئەو پارەیەش گۆڕانكاری تێدادەكرێت.

هاوژین عوسمان، سەرۆكی‌ لقی‌ سەندیكای‌ كارمەندانی‌ تەندروستی‌ بە ماڵپەڕی SNNی‌ ڕاگەیاندووە "پێشتر ڕێژەی‌ 20% لەپارەی‌ ئێشكگری لەكارمەندان دەبڕاو دەدرایە كارمەندانی‌ ڕۆژ، بەڵام لەئێستادا بڕیارەكە بەو شێوەیەیە كە پارەی تەرخانكراو بدرێتە كارمەندانی‌ ئێشكگر". 

ئەوەشی وت‌ "ئەو كارمەندانەی‌ بەرەكانی‌ جەنگ هاوشێوەی‌ كارمەندانی‌ ئێشكگر مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت بەجۆرێك كە هەر كارمەندێكی‌ تەندروستی‌، چەند ڕۆژ لەبەرەكانی‌ جەنگ بمێنێتەوە، ئەوا پارەی‌ ئەو ڕۆژانەی‌ بەشێوەی خەفارەت بۆ ئەژماردەكرێت و دەرماڵەی‌ ئێشكگری بۆ خەرجدەكرێت".

هاوژین عوسمان، ڕاشیگەیاند "ئەو پارەیەی‌ تایبەتە بەكارمەندانی‌ ئێشكگری بەرەكانی‌ جەنگ كە بەدەستمان گەیشتوە بەجۆرێكە، بۆ هەر ڕۆژێك بڕی‌ 32 هەزاریان بۆ تەرخاندەكرێت و سەرجەم ڕۆژەكانی‌ خەفارەتیان بۆ كۆدەكرێتەوە و بەیەكەوە دەرماڵەكەیان پێدەدرێت".

سەبارەت بە وادەی دابەشكردنیشی ڕونیشكردەوە، هەموو ئامادەكاریەكیان كردوە تاوەكو بتوانرێت بەر لەهاتنی‌ جەژنی‌ ڕەمەزان، ئەو پارەی ئێشكگریە بەسەر كارمەندانی‌ بەرەكانی‌ جەنگدا دابەشبكرێت.



PM:12:45:15/06/2017