ئایا نێچیرڤان بۆ هیچ بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی سەردانی هێرۆ ئیبراهیمی کردووە؟
ئایا گۆڕان ئاگاداری سەردانەکە بوو؟

ئەو سەردانەی پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی بۆ دیداری ماڵباتی تاڵەبانی لە سلێمانی ئەنجامی دا بەناوی رۆژی لە دایکبوونی هێرۆ ئیبراهیمەوە بووە، بۆئەوەی گۆڕانیش گومانی لەلا دروستنەبێت، پێش وەخت ئاگادار کراونەتەوە.

هەرچەندە وا بڕیار بووە نێچیرڤان جێگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەبۆنەی یادی لە دایکبوونیەوە زووتر سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بکات، بەڵام ئەو سەردانەی دواکەوت بۆ ئەمڕۆ بە تەنها لەگەڵ ماڵباتی تاڵەبانی، هێرۆ ئیبراهیم و هەردوو کوڕەکەی بافڵ و قوباد بەدوور لە چاوی کامێراکان، کۆبوونەتەوە.

وەک دواتر ئاشکرا بوو لەو دیدارەدا نێچیرڤان بارزانی تەنها لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم و بافڵ و قوباد کۆدەبێتەوە، نە شاناز ئیبراهیم و نە لاهور شێخ جەنگی کە کەسە نزیکەکانی هێرۆ ئیبراهیمن، بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک بە سپی راگەیاند" بۆنەی سەردانەکە تەنها کۆمەڵایەتی بووە"، بەڵام چاودێران گومان لەم قسانە دەکەن و ئاماژە بۆ بوونی پرۆژەیەکی نوێی پارتی دەکەن، بەتایبەتی کاتی سەردانەکە رۆژێک پێش کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتیە کە بڕیارە سبەی پاشنیوەرۆی هەینی لە سلێمانی کۆببنەوە".

بەپێی زانیارییەکانی سپی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پێش ئەنجامدانی سەردانەکە، بزووتنەوی گۆرانیان لەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی ئاگادار کردۆتەوە، تا گۆڕان گومان لە مەغزای سەردانەکە نەکات.

هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری تاڵەبانی لە رۆژی ١٢/٦/١٩٤٨ لە دایک بووەو خاوەنی دوو کوڕە بافل و قوباد. ئەمرۆش نێجیرڤان بارزانی دوای تێپەڕبوونی ١٠ رۆژ لە هەولێرەوە بۆ پیرۆزبایی کردن لە هێرۆ ئیبراهیم سەردانی ماڵباتی تاڵەبانی کرد.  

 



PM:10:43:22/06/2017