لەدوای داعش ڕێکخراوێکی دیکەی "تیرۆرستی" دروست دەبێت

ماڵپەڕێکی ئەمریکی لە زاری دوو پسپۆڕی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گواستوویەتیەوە کە لەدوای کۆتایهاتنی جەنگی داعش ڕێکخراوێکی دیکەی هاوشێوە دروست دەبێت.

ماڵپەرى واشنتن ئێکزامینەر وتارێکى هاوبەشى دوو پسپۆڕى بڵاوکردووەتەوە لەبارەى دۆخى عێراق لەدواى جەنگى دژى داعش، بەبۆچوونى ئەو دوو پسپۆڕە سەرکەوتنى سەربازى بەسەر داعشدا تەنها سەرەتای جەنگەکەیە.

سەرهەنگ حەمەسەعید و مایکڵ یافێ لە پەیمانگاى ئەمریکى بۆ ئاشتیى لە وتارەکەیاندا ئاماژەیان بەوەداوە کە دۆخى ئێستاى عێراق بەشێوەیەکە کە داعشى ژمارە دوو دروست دەبێت. 

هەردوو پسپۆڕەکەى بوارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئاماژەیان بەوەداوە کە کێشەکانى نێوان کورد و بەغدا لەسەر پرسى داهاتى نەوت و سەربەخۆیى هەرێمى کوردستان دەستى پێکردووە و هێزە هەرێمایەتییەکانیش دەستێوەردان لە دۆخى عێراقدا دەکەن. 

لەوبڕوایەشدان کە هێزەکانى حەشدى شەعبى ڕۆڵى کاریگەریان دەبێت لە دیاریکردنى بەشێک لە کاندیدەکان لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوودا و کۆنترۆڵکردنى بەشێک لە ناوچەکانى عێراق. 

سەرهەنگ حەمەسەعید و مایکڵ یافێ داوایانکردووە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى پشتیوانیى زیاترى عێراق و تەوافوق لەنێوان هێزە سیاسییەکان بکات.


PM:02:48:27/06/2017