" ئەگەر وریا نەبین دەبینە بەشێک لە ململانێ خوێناوییەکانی ناوچەکە"

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هاوسەرۆکی کۆنگرەیی نەتەوەیی کوردستان رایگەیاند" ئەگەر وریا نەبین دەبینە بەشێک لە ململانێ خوێناوییەکانی ناوچەکە".

لەکۆبونەوەی نێوان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، پرسی بەستنی کۆنگرەی ڕاوێژکاریی نەتەوەیی بۆ حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، گفتوگۆی لەسەرکرا و سەرۆکی پەرلەمان پشتیوانی پەرلەمانی کوردستانی بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەکە دەربڕی.

ئەمڕۆ، ٢ شەممە، ٣-٧  کەمالی تاهیر زادە، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی، سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لە کۆبونەوەیەکدا کە نوێنەری فراکسیۆنەکانی(یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو) ئامادەبوون، پرسی بەستنی کۆنگرەیەکی ڕاوێژکاریی نەتەوەیی گفتوگۆی لەسەرکرا، کە بڕیارە ناوەڕاستی ئەم مانگە بۆ نزیکەی ١٠٠ حیزب و ڕێکخراوی سیاسی هەرچوار پارچەی کوردستان لە سلێمانی ساز بکرێت.

سەرۆکی پەرلەمان، وێڕای پشتیوانی لەسەرکەوتنی کۆنگرە ڕاوێژکارییەکە، ئاماژەی بەوەدا، کە ململانێی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لەناوچەکەماندا لەوپەڕی توندیدایە، بەڵام ئەگەر وریا نەبین دەبینە بەشێک لە ململانێ خوێناوییەکانی ناوچەکە. لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان وتی" ڕوداوەکانی ناوچەکە و پێشهاتەکان وامان لێدەخوازێت تەبا بین و بەرامبەر پرسە نەتەوەییەکان بەرژەوەندی گەلی کورد، لە پێش بەرژەوەندیی حیزبییەوە دانێین.



PM:01:58:03/07/2017