لەسلێمانی دەستەی ئیمێرجنسی ڕاگەیەندرا

بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەكانی تاوان لەسلێمانی دەستەی ئیمێرجنسی پێكهێنرا و بەرپرسی فەرمانگەی  داواكاری گشتی سلێمانیش دەڵێت "بەدواداچون بۆ دۆسیەكانی تاوان دەكەین".

ئەمڕۆ 4ی تەموز لەبارەگای ڕێكخراوی ئاسودە لە سلێمانی بەشێك لەچالاكانی كۆمەڵی مەدەنی و پۆلیس و ئاسایش و داواكاری گشتی كۆبونەوە.

پاش كۆبوونەوەكە حاكم بەختیار عەلی، بەرپرسی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ لەم كۆبونەوەیەمان باس لە دیاردەی تاوان كرا كە بەم دواییە تاڕادەیەك زیادیكردوە، باس لە چەكداری و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر كرا، بیر و بۆچوونێكی زۆر ئاڵوگۆڕكرا، ئێمە وەك داواكاری گشتی بەدوو ئاڕاستە كار لەسەر تاوان دەكەین، ئارٍاستەی یەكەم كێشەكان ڕووبەڕووی دادگا دەكەینەوە و دواتر بەدواداچوون بۆ بڕیارەكانی دادگا دەكەین".

بەرپرسی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی، وتیشی "هەموو كێشەكانی تاوان دەچنە بەردەم دادگا و بەشێكی زۆری تاوانباران دەستگیركراون و دادگایی كراون، بەڵام بەداخەوە ڕاگەیاندنەكان تەنها لەكاتی ڕوودانی كێشەكە باسی لێوەدەكەن، لەكاتێكدا تاوانبارەكان دەگیرێن باس ناكرێن، ڕۆڵی یەكەمی داواكاری گشتی جوڵاندنی كەیسەكانە" .

لەلای خۆشیەوە بەرپرسی ڕێكخراوی ئاسودە خانم ڕەحیم ڕایگەیاند "ئەمانجمان لە كۆكردنەوەی ئەم لایەنانە ئەمرۆ ئەوەیە هەرچی زووترە كار بكەین بۆ بنەبڕكردنی حاڵەتەكانی كوشتن و خۆكوشتن كە لەئێستادا ڕووی لەزیاد بوون كردوە".

خانم ڕەحیم وتیشی "بڕیارماندا وەك چالاكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستەیەك دروست بكەین بەناوی دەستەی ئیمێرجنسی بەمەبەستی بنەبڕكردنی تاوانەكان و بەدواداچوون بۆ كەیسەكان بكەین".
                           



PM:02:43:04/07/2017