گۆڕان دوو کەسی وەک شوێنگرەوەی سەردار قادر دیاریکردووە

بزووتنەوەی گۆڕان هەریەك لە سەركەوت حەسه‌ن بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی سلێمانی و دانا عەبدولكەریم ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیی پاڵاوتووە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەستنیشان كردوە.
 
مانگی پێنجی ئەمساڵ سەردار قادر دەستی لە پۆستی ״لە بری پارێزگار״ی سلێمانی كێشایەوە كە لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان وەری گرتبوو لە بری هەڤاڵ ئەبوبەكر كە بە دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن بووبووە پارێزگار، بەڵام بە هۆی كێشەی مەرسوومی سەرۆكایەتییەوە بە كرداریی پۆستەكەی وەرنەگرت.

لەمبارەیەوە  سێوە حه‌مەخزر ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە ״هه‌فته‌ نامه‌ی ئاژانس״ی وت: ״دوای وازهێنانی پارێزگاری پێشوو بڕیار بوو ئەو پۆستە پڕ بكرێتەوە، بەڵام گۆڕان كەوتە پرسەی كاك نەوشیروانەوە و بە هۆیەوە كاتی پڕكردنەوەی ئەو پۆستە دوا كەوت״. بە پێی ئەو زانیارییانەی هه‌فته‌نامه‌كه‌ ״ لە سەرچاوەیەكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەستی كەوتووە؛ هەریەكە لە سەركەوت حەسەن و دانا عەبدولكەریم پاڵێوراون بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەربگرن.

سەركەوت حەسەن بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی سلێمانی بووە و لە كابینەی هەشتی حكوومەتدا پۆستی بریكاری وەزارەتی ناوخۆی بۆ كاروباری كارگێریی پێ درا، دواتر بە هۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و گۆڕانەوە لە پۆستەكەی دوور خرایەوە.
دانا عەبدولكەریم ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بووە ‌و لە ئێستاشدا ئەندامی ژووری پەرلەمان و حكوومەتی بزووتنەوەی گۆڕانە.

نزار مەحمود ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان وتی: ״ئەو دوو كەسە دیاری كراون بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، بەڵام تا ئێستا یەكلایی نەكراوەتە كە كامیان بكرێتە پارێزگاری سلێمانی.״



PM:01:46:05/07/2017