بەرپرسێکی سەربازی یەکێتی داوایەکی بەپەلە ئاراستەی بارزانی دەکات

مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێیوایە مەسعود بارزانی دوو ساڵە شەرعیەتی لەدەستداوە و داوای لێ دەکات "ڕێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵک بگرێت".


مەحموود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانی بەخشینی میدالیا بەڕێکخستنە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند، "پێویستە دۆخی سیاسی ھەرێم ئاسایی بکرێتەوەو بەزویی پەرلەمان کارابکرێتەوە".

سەنگاوی لەپەیامەکەیدا جەختیکردەوە لەسەرئەوەی، "پێویستە تا کۆتایی ئەم خولەی ئێستا، لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمانەوە پەرلەمان بەڕێوەببرێت، دوای ھەڵبژاردنیش کە بڕیارە مانگی تشرینی دوەمی ئەمساڵ بکرێت، حزبی براوە پەرلەمان بەڕێوەببات".

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی ئەوەشی وت "بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی سیاسی ھەرێم، دەبێت مەسعود بارزانی وردتر بیر بکاتەوە، ئێستا ئەو لەڕوی یاساییەوە سەرۆکی ھەرێم نییەو دووساڵە شەرعییەتی نەماوە، بەڵام مومارەسەی سەرۆکایەتی ھەرێم دەکات".

وتیشی "بارودۆخ و بژێوی ژیانی خەڵکی کوردستان زۆر لەئێستادا خراپ و قورسە، دەبێت خەڵک لەتەنگەژەی برسێتی و بێ موچەیی ڕزگاربکەین، ھاوکات ژیانی پێشمەرگە دێرینەکان باشبکەین و یەکپارچەیی ناو یەکێتیش بپارێزین".



PM:02:03:08/07/2017