یەکگرتوو لەسەر ڕیفراندۆمیش بوو بە دوو بەرە

یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، دەبێتە دوو بەرەو بەشێکیان پێداگربوون لەسەر بەشداریکردنیان و بەشێکیان دژی بوون.

ئەمڕۆ یەکگرتووی ئیسلامی بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمی کرد کە بە سەرپەرشتی بارزانی بوو، بەڵام بەر لە کۆبوونەوەکە ناکۆکی لە نێوان یەکگرتووی ئیسلامیدا لەسەر بەشداریکردنیان دروست بووە.

بەرپرسێکی باڵای یەکگرتووی ئیسلامی بە سپی ڕاگەیاند، بەشێک لە سەرکردەکانمان لە بادینان و مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین لەگەڵ ئەوەدا بوون کە بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بکەین، بەڵام سەرکردەکانمان لە ناوچەی سلێمانی زۆر بەتوندی دژی ئەو بڕیارەبوون و پێیان باش بوو کە یەکگرتوو بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە نەکات.

ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو کە لەبەر هەستیاری دۆخی حزبەکەی پێی باش نەبوو ناوی بهێنرێت وتیشی کە مامۆستا سەڵاحەدین پێداگری لەسەر بەشداریکردنی کردووە، هەرچەندە سەرکردەکانمان لە سلێمانی ئامۆژگاری مامۆستا سەڵاحەدینیان کردووە کە ئەوە زیانی زۆری دەبێت بۆ سەر ئاستی جەماوەریان و باشترە بەشداری نەکەن و پێداگری لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان بکەن.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە ژمارەیەک سەرکردایەتی یەکێتی دژی بەشداریکردنی حزبەکەیان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم وەستانەوە، لە کاتێکدا دوو کەس بە بێ کۆدەنگی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە دیاریکرابوون و ئەمڕۆش هەریەکە لە قوباد تاڵەبانی و نەجمەدین کەریم بەشداریانکرد، بەڵام میدیاکانی یەکێتی ڕایانگەیاند کە ئەوان بە پۆستە حکومییەکەیان بەشدارن نەک وەک نوێنەری یەکێتی.



PM:02:19:08/07/2017