ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم کە ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی بارزانی کۆبووەوە و گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ بەشدارییان نەکرد، بڕیاریان لەسەر سێ خاڵ داوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دوای تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی و، دوا پێشهاتەكان و هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها پرۆسەی سیاسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بڕیار لەسەر ئەو سێ خاڵە دراوە
یەكەم: پابەندبوونی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بە بڕیار و راسپاردەكانی كۆبوونەوەی 7ـی حوزەیرانی 2017 سەبارەت بە دیاریكردنی رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 بۆ بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان و، ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و، چارەسەركردنی پرۆسەی سیاسی  و هەوڵدان بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵك.

دووەم: هەنگاونانی پراكتیكی و ئامادەكاری لە سەرجەم بوارەكانی گشتپرسیی هەیكەلیەتی كاری ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم و كۆمیتە فەرعییەكان دیاری كرا.

سێیەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، پێداویستییەكانی بەڕێوەچوونی گشتپرسی فەراهەم دەكات.



PM:03:05:08/07/2017