محەمەدی حاجی مەحموود: بەم زووانە سەرۆكی پەرلەمان دەگەڕێتەوە

محەمەدی حاجی مەحموود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات پارتی ڕازیبوە بە گەڕانەوەی د.یوسف محەمەد و بەردەوام بوونی لە پۆستەكەی.

سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "سپی میدیا" هەڵوێستێكی نوێی پارتی بۆ كاركردنەوەی پەرلەمان ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت "پارتی ڕازیبوە د.یوسف محەمەد بگەڕێتەوە پەرلەمان و كۆبونەوەكانی دەستپێبكاتەوە".

محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەشی وت "هەنگاوەكان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەباشوری كوردستان بەردەوامن و جگە لەكۆمەڵ و گۆڕان لایەنەكانی دیكە نوێنەریان بۆ كۆبونەوەكان ناردوە، ئومێدمان وایە ئەو دوو لایەنەش بێنە پێشەوە، چونكە دوو لایەنی سەرەكی و دیارن و لەكۆبونەوەكانیشدا جێگەی تایبەتیان بۆ دانراوە بۆ لیژنە و دەستەكانی ئامادەكاریی".

سكرتێری حزبی سۆسیالیست ڕاشیگەیاند "لەئێستادا لەلایەن یەكێتیی و پارتیەوە هەنگاوی پێویست بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نراوە و ئێستاش پارتی ڕازیبوە د.یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان بگەڕێتەوە بۆ هەولێر و كۆبونەوەكانی خۆی دەستپێبكاتەوە".

سەرەڕای وتەی چەند بەرپرسێكی لایەنە سیاسیەكان، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هیچ پێشنیازێكی نوێ بۆ پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان و گەڕانەوە د.یوسف محەمەد بۆ هەولێر ئاشكرا نەكراوە.



PM:03:00:09/07/2017