لە عەفرین .. یەپەگە وەڵامی هێرشی سوپای تورکیا دەداتەوە

سوپای تورکیا بە چەکی قورس هێرشدەکەنە سەر گوندەکانی کانتۆنی عەفرین و هەرێمەکانی شەهبا، یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە، یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە و هێزە شۆڕشگێڕەکانیش وەڵامی ئەو هێرشانەیان دایەوە.
 
بەگوێرەی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، لە عفرین سووپای تورکیاو میلیشای سەر بە تورکیا گوندەکانی مەراناز و ڤیلات قادیی سەربە شێڕایان تۆپباران کرد، لەلایەکی دیکەوە هێڕشیان کردووەتە سەر گوندەکانی باسوفان و برج حەیدەری سەر بە شێراوای کانتۆنی عەفرین و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژەش وەڵامی ئەو هێڕشانەیان داوەتەوە.
 
هەروەها ئەو سەرچاوانە لە هەرێمەکانی شەهباوە ڕایانگەیاندووە، کە سووپا و هێزەکانی سەربە تورکیا لە شارۆچکەکانی ماری و عەزاز جێگربوون و، هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی سەربە هەرێمەکانی شەهبا، شەڕڤانانی هێزە شۆڕشگێڕەکان وەڵامی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە لە شەوی ڕابردووەوە تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لە نێوان شەڕڤانانی هێزە شۆڕشگێڕەکان و هێزەکان سەربە تورکیا، لە گوندی سەموقای هەرێمەکانی شەهبا، شەڕی زۆر قورس بەڕێوەچووە، ئەنجامەکانی ئەو شەڕە هێشتا نەزانراوە.



PM:11:24:10/07/2017