گۆڕان و یەگرتوو: دەبێت کۆتایی بە سیستەمی پاشەکەوتی موچە بهێنرێت

یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوای کۆتایی هاتنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە و کۆدەنگی سیاسیی دەکەن بۆ کاراکردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمان.

لەسەر پرسی ڕیفراندۆم گۆڕان و یەكگرتوو دەڵێن "ریفراندۆم وەك هەنگاوێك بۆ سەربەخۆیی بە ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكانەوە مافێكی سروشتی خەڵكی كوردستانە، بەڵام ئەم پرسە پێویستی بە كۆدەنگی سیاسی و بنەمای یاساییە لەڕێی ئاساییكردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمان".

ڕاشیانگەیاندووە ریفراندۆم بکرێتە هۆکار بۆ ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردو یەکڕیزی نیشتیمانی و گفتوگۆی نێوان هێزە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری سەرجەم کێشە سیاسی و ئابورییەکانی هەرێم، بە کێشەی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێمەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە

راگەیەنراوی کۆبونەوەی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ، 12/7/2017 شاندێکی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی گۆڕان کۆبونەوە. لە کۆبونەوەکە تەئکید لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کرایەوە: 1. بەهێز کردنی زیاتری پەیوەندی نێوان هەردولا بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕاو هەماهەنگی لەسەر هەڵوێستە سیاسییەکان بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان. 2. باشکردنی بژێوی و گوزەرانی هاوڵاتیان لەڕێی کۆتایی هێنان بە سیستمی پاشەکەوتی موچە. 3. ریفراندۆم وەک هەنگاوێک بۆ سەربەخۆیی بە ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکانەوە مافێکی سروشتی خەڵکی کوردستانە، بەڵام ئەم پرسە پێویستی بە کۆدەنگی سیاسی و بنەمای یاساییە لەڕێی ئاساییکردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمان. 4. هیچ لایەک نابێ پرسی ریفراندۆم وەک دەستکەوت یان موزایەدەی سیاسی بۆ خۆی بەکاربێنێ لەڕێی فەرزکردنی ئیرادەی تاکلایەنەوە. 5. ریفراندۆم بکرێتە هۆکار بۆ ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردو یەکڕیزی نیشتیمانی و گفتوگۆی نێوان هێزە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری سەرجەم کێشە سیاسی و ئابورییەکانی هەرێم، بە کێشەی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێمەوە. یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بزوتنەوەی گۆڕان



PM:02:03:12/07/2017