دەوڵەتی کوردستان لە هێزی کۆکردنەوەوە تا دابەشکردن
لەسەر ڕیفراندۆم لایەنە سیاسییەکان هەریەکە و لە ئاوازێک دەخوێنن

‌کورد چاوی لە سەربەخۆییە .. فۆتۆ: گەیتی ئیمەیج

دواجار بڕیاردرا کە ڕۆژی ٢٥ ئەیلولی ئەمساڵ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، ئەگەرچی هەمیشە پرسی دەوڵەتی کوردی، هەموو خەڵکی کۆکردووەتەوە و هەموان بە خەونی خۆیان زانیوە، بەڵام ئەم جارە پرسی دەوڵەتی کوردستان لایەنەکانی کرد بە چەندین پارچەوە.

بارزانی و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان ڕۆژی حەوتی حوزەیران کۆبوونەوە و بڕیاریداندا کە ڕۆژێک بۆ ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ڕابگەیەنن، بەڵام کەمتر لە کاتژمێرێک تێپەڕی و بە خێرایی کاردانەوەی بڕیارەکە دەرکەوت و هەرزوو بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ڕایانگەیاند کە ئەوان پێیان وایە کە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ناشەرعییە چونکە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری لێنەدراوە.

ڕیفراندۆم یەکگرتووی لەتکرد

دوای ئەوەی سەڵاحەدین بەهادین جارێکی دیکە توانی ببێتەوە بە ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، هەموو پێیان وابوو کە کۆتایی بەو دووبەرەیە دەهێنیت کە توشی سیاسەتی کارکردنی یەکگرتووی ئیسلامی بووبویەوە، سەڵاحەدین بەهادین هەوڵەکانی خستە گەڕ بۆ ئەوەی یەکگرتووییەک بە گوتاری یەکگرتوو ببخەشێت.

یەکگرتووی ئیسلامی وەک چوارم کاریگەرترین هێزی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی بارزانی و لایەنە سیاسییەکان بەشداری کرد و پاڵپشتی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلولدا ڕاگەیاند.

بەڵام ئەم جارەیان ڕیفراندۆم یەکگرتوویی یەکگرتووی تێکدا و جارێکی دیکە ئەو حزبەی دابەشکردەوە، بە گوێرەی زانیارییەکان سەرکردەکانی سلێمانی یەکگرتوو ناڕازیبوون لەسەر بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەکانی دواتری ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمدا و سەرکردەکانی بادینانی ئەو حزبەش پێداگرییان کردووە لەسەر بەشداریکردن، ئەگەرچی دواجار سەڵاحەدین بەهادین پرسی بەشداریکردنی بە سودی بۆچوونی بادینییەکانی حزبەکەی یەکلاکردەوە، بەڵام هێشتا سەرکردەکانی سلێمانی یەکگرتوو پێیان وایە ئەو شیوازی کارکردنە ئیحراجی بۆ ئەوان دروست کردووە لە بەرامبەر هەودارانیاندا.

لە ئێستادا یەکگرتووی ئیسلامی بۆ پارسەنگکردنەوەی ئەو دۆخە مەرجێکی بۆ بەشداریکردن لە ڕیفراندۆمەکەدا خستووەتە ڕوو، ئەگەرچی نوێنەرەکەیان بەردەوامە لە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم و یەکگرتوو پێداگری لە باشکردنی دۆخی درایی و چارەسەری مووچە دەکاتەوە بەر لە ڕیفراندۆم.

یەکگرتوو و گۆڕان پاش کۆبوونەوەیەکیان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند "ریفراندۆم بکرێتە هۆکار بۆ رێکخستنەوەی ناوماڵی کورد و یەکڕیزی نیشتیمانی و گفتوگۆی نێوان هێزە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری سەرجەم کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم، بە کێشەی یاسایی سەرۆکایەتیی هەرێمەوە".

یەکێتی.. ئەندامەکانی بەشدارن و خۆی بەشدار نییە!

پرسی ڕیفراندۆم ڕەنگە زیاترین کاریگەری بەسەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە جێهێشتبێت، ئەم هێزە کە لە کۆبوونەوەی حەوتی حوزەیراندا یەکێک بوو لەوانەی وادەی ڕیفراندۆمی دیاریکرد، تا ئێستا هیچ نوێنەرێکی بۆ لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم دیارینەکردووە، بەڵام لە هەموو کۆبوونەوەکاندا ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە یان زیاتر بەشدار بووە، بەڵام سەرکردەکانی یەکێتی دەڵێن ئەوان نوێنەری ئەو حزبە نین.

٣٤ ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بڕیاریاندا کە بەبێ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەوان بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم نەکەن، بەڵام هێشتا مرکەبی سەر بڕیارەکەیان وشکنەبووبوەوە و کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ئەنجامدرا و هەریەکە لە قوباد تاڵەبانی کە جێگری سەرۆکی حکومەتە و نوێنەری یەکیتییە و نەجمەدین کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە بەشدارییان کرد.

ئەگەرچی میدیاکانی یەکێتی وایاننیشاندا و قوباد تاڵەبانیش ڕایگەیاند کە وەک نوێنەری یەکیتی بەشدارییان نەکردووە، بەلام کەمتر لە کاتژمێرێک بەسەر ڕاگەیەندراوەکەی تاڵەبانیدا تێپەڕی، کاتێک هۆشیار زێباری ڕایگەیاند کە ئەوان ١٠٠٪ نوێنەرایەتی یەکێتییان کردووە.

ئەگەرچی یەکێتی بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت کۆدەنگی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم بە کاراکردنەوەی پەرلەمان دروست بکرێت، بەڵام ئەم بۆچوونە سەرجەم سەرکردایەتی ئەو حزبە لەسەری کۆک نین و بەشێک پێیان وایە کە ئەوە پرسێکی چارەنوسساز و نەتەوەییەو ناکرێت بە کێشەیەکی ناوخۆیی وەک کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە ببەسترێتەوە.

گۆڕان هەڵوێستی ناڕوونە

هەتا ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان جگە لە پێداگرییان لەوە کە دەبێت ڕیفراندۆم لە پەرلەمانەوە بڕیاری لێ بدرێت، بەوتەی بەشێک لە هەڵسوڕاوانی ئەو حزبە بۆچوونیان ناڕوونە.

شەماڵ عەبدولوەفا سەرکردە و هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا نەیشاردەوە کە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر بەشداریکردنیان لە پرسی ڕیفراندۆمدا هەڵوێستی ناڕوونە.

ئەوەی ئاشکرایە کە بزووتنەوەی گۆڕان ڕازی نییە بە ئالیەتی دیارکردنی کاتی ڕیفراندۆم و پێی وایە دەبوایە پەرلەمانی کوردستان بڕیارلە ڕیفراندۆم بدات و بە بێ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەوان بەشداری ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ناکەن.

بەڵام بۆچوونی سەرجەم بزووتنەوەکە وەک یەک نییە تا ئێستا نازانرێت کە ئایا گەر پەرلەمانیش کارابکرێتەوە گۆڕان بە کاتی ڕیفراندۆمەکە ڕازییە یاخود نا، چونکە بەشیک لە هەڵسوڕاوانیان گومانیان لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە و ناڕازین لە کاتی ڕیفراندۆمەکە بۆیە نازانرێت گۆڕان تەنها بە کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕازییە بە پرسی ڕیفراندۆم لەم ساڵدا یاخود نا، هەرچەندە لە دواین کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ کۆمەڵ ئاماژەیان بەوەکرد کە پێویستە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دوا بخرێت.

پارتی بە تەنها بڕیاریداوە

پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەرچی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی داوە و وەک هێزی سەرەکی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە دەردەکەوێت، بەڵام وەک نوسەران باسی دەکەن کە پارتی بووەتە هۆی ئەوەی کە لایەنەکان ناکۆک بن لەسەر پرسی ڕیفراندۆم.

بەشێک لە چاودێران پێیان وایە کە پارتی دەیەوێت پرسی ڕیفراندۆم وەک دەسکەوتی تاکە حزبێک نیشان بدات، ئەمەش وایکردووە کە بۆ یەکەمجارە لە جیاتی پرسی دەوڵەتی کوردی لایەنەکان کۆبکاتەوە، ئەم جارە بووەتە هۆی دابەشکردنی لایەنە سیاسییەکان.



PM:03:25:13/07/2017