"قسەكانی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانی ئەوروپا زۆر گرینگ و لە جێگای خۆیدا بوون"

بە پێچەوانەی زۆرێک لە بەرپرس و کادیرانی یەکێتی یەوە، ئەندامێكی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە قسەکانی بارزانی  كۆبوونەوەی  لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا بە سەردانێكی دیپلۆماسیی سەركەوتوو ناو دەبات.
 
ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی "وەك جەنابی (كاك مەسعوود) لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپادا گوتی، ئەگەر پشتگیرییشمان ناكەن، دژایەتیمان مەكەن. من وەك چاودێرێك ئەوەی لە كۆبوونەوەكەی شاندی باڵای ڕیفراندۆم و پەرلەمانتارانی یەكێتیی ئەورووپا بینیم، زۆرگەشبینم بە پشتگیریی ئەورووپاییەكان لە ئاییندەی كوردستان، نەك دژایەتیمان بكەن".

ناوبراو دەشڵێت "قسەكانی جەنابی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا زۆر گرینگ و لە جێگای خۆیدا بوون، سەردانەكەی شاندی باڵای ڕیفراندۆم زۆر سەركەوتووە لە هەوڵە دیپلۆماسیەكان بۆ پشتگیریی ئەورووپاییەكان لە چارەنووسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان."

ئەو ئەندامەی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی پێیوایە "ئەورووپا حیرفێكی گەورەی نێودەوڵەتییە لە جیهاندا كە چەندین وڵات لە خۆی دەگرێت، پەرلەمانێكیان پێك هێناوە، كە بیرۆكەی نوێی كایەی سیاسی لە ئەورووپاوە سەر هەڵدەدات، بۆیە پشتگیریی یەكێتیی ئەورووپا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، زۆر گرینگە".
لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا وەفدێکی باڵای ریفراندۆم بەسەردانێکی چەند رۆژە گەیشتە برۆکسل و چەند دیدارێکیان سازکرد، لەنێو سەردانەکەدا دیدارێک بوو لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری ئەوروپا، لەو دیدارەدا بارزانی تیشکی خستە سەر ململانێ ناوخۆییەکانی هەرێم و ئەو قسانەش لەلایەن گۆڕان و رای گشتییەوە رووبەرووی رەخنەیەکی توند بووەوە. 



AM:08:20:14/07/2017