وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیاریدا

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئەو وەزارەتە بڕى یەک ملیار دینار وەک هاوکارى بۆ ئەو کچە ئێزدیانە تەرخان دەکات کە لەژێر دەستى چەکدارانى داعش ڕزگار کراون.

بەپێى راگەیەنراوێکى نوسینگەى رۆژنامەوانى دەرباز محەمەد، لە کۆبونەوەى دوێنێی لیژنەى باڵاى بەهاناوەچوون و لە خۆگرتنى ئاوارەکاندا بڕیارى تەرخانکردنى ئەو بڕە پارەیە بۆ کچانى ئێزیدى دراوە.

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى کۆچ و کۆچبەران ئاماژەى بۆ ئەوەکردووە، کە بڕیارەکە بەو شێوەیە، هەر کچێکى رزگار بووى دەستى داعش بڕى یەک ملیۆن دینار هاوکارى پێدەدرێت.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە بۆ باشکردنى ژیانی کچانى ئێزدى و هاوکاریکردنیان لە تێپەڕاندنى کێشە کۆمەڵایەتى و دەرونیەکانیان بەردەوام دەبن لە کارکردن و پلانی دیکەشیان هەیە.



PM:07:54:14/07/2017