" رێگا بە هەناردەکردنی چیمەنتۆ و شیشی سلێمانی نادرێت ببرێت بۆ موسڵ"

لە بازگەكانی سنووری نێوان موسڵ و پارێزگای هەولێر بەربەست بۆ بازرگانانی سلێمانی درووست دەكەن تا هه‌ناردەی چیمه‌نتۆ و شیش بۆ موسڵ و لە بەرامبەر بردنی هەر بارێكیاندا باجێكی زۆریان لێ وەردەگیرێت.

سیروان محه‌مه‌د، سەرۆكی ژووری بازرگانی پیشەسازیی سلێمانی بە رۆژنامەی״ئاژانس״ی ڕاگەیاندووە ״لە لایەن چەند گروپێكەوە لە نێوان پارێزگای موسڵ و هەولێردا ڕێگری لە که‌ره‌سته‌ی بیناسازی و ماددەی خۆراكی دەكرێت لە سلێمانییەوە بچێت بۆ موسڵ".

ناوبراو دەشڵێت ״سلێمانی خاوەنی بەرهەمێكی زۆری شیش و چیمەنتۆ و بەرهەمی تری بیناسازییە كە توانای پڕكردنەوەی پێویستیی بەشێك لە ناوچەكانی موسڵی هەیە، بەڵام بەداخەوە لەو خاڵانەی كە داخلی موسڵ دەبن بەربەست بۆ بازرگانان درووست دەكرێت.״

سەرۆكی ژووری بازرگانی پیشەسازیی سلێمانی ئاشکراشی کرد، چەندین بازرگان سەردانیان كردوون كە ڕێگرییان لێ دەكرێت و باسی له‌وه‌ش کرد یەكێك لە بازرگانەكان بۆ یەك كارتۆن جگەرە 35 دۆلاری لێ سەندراوە.

غالب محه‌مه‌د، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەو سەرچاوە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دەڵێت ״پارتی بە مەبەست ڕێگری دەكات و دەیەوێت بازرگانی لەگەڵ پارێزگای موسڵدا قۆرخ بكات و ڕێگە بۆ كۆمپانیا حزبییەكانیان ئاسان دەكەن.״

پارێزگای موسڵ پێویستی بە 15 ملیار دۆلارە بۆ ئاوەدانكردنەوەی، ئه‌وه‌ش دەتوانرێت وەك دەرفەتێك بەكار بهێنرێت بۆ گەشەكردنی كەرتی بازرگانیی هەرێم.



AM:09:32:27/07/2017