پارەی چاودێری مامۆستایانی سلێمانی دابەشدەکرێت


هەفتەی داهاتوو پارەی چاودێری هۆڵەكانی تاقیكردنەوەی هۆڵەكان بەسەر بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایان دابەش دەكرێت، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاواش دەڵێت كە "بڕی 250 ملیۆن دینار دابەش دەكرێت".

كەمال نووری، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی  بە  ماڵپەڕی "وشە"ی ڕاگەیاندووە، دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوەكانی پۆلی نۆی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی، دەستبەجێ دەستمان كرد بە تەواوكردنی ڕێكارە یاسای و كارگێڕییەكان بۆ ئەوەی پارە چاودێری هۆڵەكانی تاقیكردنەوە دابەش بكەین.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی رای گەیاند كە سەرجەم بەڕێوەبەری هۆڵەكانی تاقیكردنەوەی سنووری پارێزگای سلێمانی ئاگەدار كراونەتەوە بۆ ئەوەی رۆژی یەكشەم پێوەندیمان پێوە بكەن و پارەیان بدەین و دابەشی بكەین بەسەر یاریدەدەر و مامۆستاكان ئەوانەی بەشداری تاقیكردنەوەكانیان كردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەو پارەیە هی پەروەردەیە و لە داهاتی خۆی لەو پارەیەی كە ساڵانە لە كرێی دوكان (حانووت)ەكانی قوتابخانەكان وەری دەگرێت، ڕەزامەندی لە وەزارەت وەرگیراوە بۆ دابەشكردنی بەسەر چاودێری هۆڵەكانی تاقیكردنەوەكان.

ڕاشیگەیاند كە بڕی 250 ملیۆن دینار ئامادە كراوە بۆ چاودێری هۆڵەكانی تاقیكردنەوە و بەڕێوەبەری تاقیكردنەوە 196 هەزار دینار وەردەگرێت، یاریدەدەری بەڕێوەبەر 186 دینار و 158 دینار بەسەر مامۆستایان دابەش دەكرێت.



PM:10:10:27/07/2017