پەرلەمانتارێکی گۆڕان: ڕیفراندۆم دەستوورییە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند بابەتی ریفراندۆم دەستوورییە و هیچ ماددەیەكی دەستووری نییە رێگر بێت و رێگری لە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بكات لە ئەنجامدانی ریفراندۆم.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان مەسعود حەیدەر لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دوایین هەڵوێستی حكوومەتی عێراقی بەرامبەر پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، كێشە و لێكترازانی ماڵی شیعەی عێراقی و كاریگەری ململانێی نێودەوڵەتی لەسەر شیعەكان، حەشدی شەعبی و مەترسییەكانی ئەو هێزە لەسەر ئایندەی عێراق دەكات.

"لەسەر ئاستی حكومی و حزبی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا دەست پێدەكاتەوە "

مەسعود حەیدەر كە هەفتەی رابردوو وەك لیژنەیەكی فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی كۆبوویەوە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی ڕایگەیاندووە "سەرۆكوەزیرانی عێراق بە رەسمی لە لێدوانەكانیدا تەئكیدی لەوە كردووەتەوە كە لەگەڵ پرسی ریفراندۆم نییە و هەندێكجار ئاماژە بەوە دەكات ئەم بابەتە دەستووری نییە، كە من پێچەوانەی بۆچوونەكەی ئەوم هەیە و پێم وایە بابەتی ریفراندۆم دەستوورییە و هیچ ماددەیەكی دەستووری نییە رێگر بێت و رێگری لە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بكات لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەڵام جەخت كرایەوە لەو دانیشتنەدا كە پێویستە گفتوگۆ بكرێت و لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە باس كرا لەوەی لەسەر دوو ئاستی جیاواز بڕیار دراوە گفتوگۆ دەست پێبكات كە یەكیان ئاستە حكوومییەكەیەتی لە نێوان هەردوو حكوومەتدا، ئەوەی تریان لەسەر ئاستی سیاسی لەنێوان حزبە سیاسییەكانی هەرێم و عێراق. ئەو هەنگاوە شتێكی زۆر باشە و هەنگاوێكە بە ئاراستەی دروست و راست و هەرێمی كوردستان پێویستی بەم جۆرە دیالۆگانە هەیە لەگەڵ عێراقدا".

ئەندامەكەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دۆخی سیاسی عێراق جیابوونەوەی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق عەممار حەكیم و پێكهێنانی حزبێكی نوێ‌ ڕایگەیاندووە "ئەم گۆڕانكارییانە لە ئەحزابی سیاسی عێراقی كارێكی باشە و پێدەچێت هزری نوێ‌ و وزەی نوێ‌ بخاتە نێو ئەحزابی سیاسی عێراقی، لە دوای ساڵی 2003 ەوە جۆرێك لە چەقبەستوی لە ئەدا و ئیشكردن و كۆی پرۆسە سیاسییەكەی عێراق دروست بووە، ئەوەشی ئێستا لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی روودەدات بەشێكە لە ململانێی هزرەكان و نەوەكان و ئەوەش شتێكی زۆر ئاساییە. ئەوان لە ساڵی 2010 ەوە ئەم كێشانەیان هەیە و زۆر هەوڵ دراوە لەسەر ئاستی ناوخۆی حزبەكەیان و عێراق و هەندێك وڵاتی دۆستی عێراق و حزبەكەش، بەڵام لە ئەنجامدا عەممار حەكیم بڕیاریدا ئەو حزبە بەجێبهێڵێت و بە تێڕوانین و بەرنامەیەكی نوێ‌ حزبێكی تازە دروست بكەنەوە و هەوڵ بدەن پانتاییەكی زۆر لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق داگیر بكەن و ببێتە مایەی ئەوەی تەكانێك لە چاكسازییە سیاسییەكە كە لە عێراقدا هەیە بدات، ئێمە پێویستمان بەم جۆرە گۆڕانكارییانە هەیە لە ئەحزابی سیاسی تا لە شێوازە تەقلیدییەكەی دەربچێت.
دەوڵەت كە لاواز دەبێت دەستێوەردان تێیدا كارێكی زۆر ئاسان دەبێت، لە دوای ساڵی 2003 شەوە هەم وڵاتانی ئیقلیمی توانیویانە شوێن پێی خۆیان بكەنەوە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی، یەك لەو هەڵانەی ئەمریكا كردی جێهێشتنی عێراقێكی لاواز بوو لە روی سەربازی و دارایی و دامەزراوەییەوە كە ئەوەش هەڵەیەكی ستراتیجی گەورە بوو ئیدارەی ئۆباما كردی و وڵاتانی ئیقلیمی بەتایبەتی ئێران توانی پێگەیەكی زۆر بەهێز لەناو عێراق بۆخۆی دروست بكات و تا رادەیەكی زۆر كۆنترۆڵی گۆڕەپانە سیاسییەكە بكات."

وتوشییەتی ئێستا ئەو ململانێیانە سەری هەڵداوەتەوە و ئەمریكا دەیەوێت جارێكی تر بگەڕێتەوە سەر گۆڕەپانەكە و بە راستەوخۆیی بووەتە بەشێك لە ئالیەتی بڕیاردان و میكانیزمی بڕیاردان لە عێراقدا".

ڕوونیشی کردووەتەوە "لە پشت پەردەوە ئەم شەڕە هەیە و ئێمە ئاگاداری هەندێك وردەكارین، رەنگدانەوەكەشی ئەوەیە كە ئێستا هەم ماڵی شیعە بووەتە دوو بەرە كە رەنگە هەندێك لەو نێوەندەدا مابێتەوە. پێدەچێت لە ئایندەدا لەكاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردندا حزبی دەعوەش روبەڕوی هەمان دۆخی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ببێتەوە و لێكترازان و حزبی نوێ‌ دروست ببێت، ئەوەش رەنگدانەوەی راستەوخۆی ئەو ململانێ‌ نێودەوڵەتییەیە كە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی روو دەدات".

"سەرۆكوەزیران دەسەڵاتی بەسەر حەشدی شەعبی نییە و ئەم هێزە كار بۆ دیاری كردنی سەرۆكوەزرانی داهاتوو دەكەن"



AM:10:29:30/07/2017