شاناز ئیبراهیم لەسەر سازدانەکەی لەلایەن کۆسرەت رەسوڵەوە هاتەدەنگ

دوای ئەوەی هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی ڕێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی لەلایەن کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتییەوە سزادراوەو لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ پێکهێنراوە، شاناز ئیبراهیم پەیامێكی سەبارەت بەو بڕیارە بڵاوکردۆتەوە کە بەرامبەری دراوە.

بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی یەکێتی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: تا لیژنەی لێكۆڵینەوەی مەكتەبی رێكخستن كارەكانی تەواو نەكات، بەهیچ شێوەیەك وەڵامم لەو بارەیەوە نابێت

دەقی پەیامەكەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

سوپاس و پێزانین
هەڤاڵان، خوشكان، برایان، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی نەمر، پێشمەرگە پوڵایینەكانی دوێنی و ئەمڕۆ ، زیندانیانی سیاسی، تێكۆشەرە دێرینەكان، شەهیدانی زیندوو، كادران، ئەندامان، رێكخستنە بە پەرۆش و خۆڕاگرو ماندووەكانی دەرەوە و ناوەوەی یەكێتی دەستی یەكە یەكەی وەفاداریتان ئەگۆشم، سوپاس بۆ پشتگیری و خەمخۆریتان، سوپاس بۆ دەربڕینی هاورایی و هاو سۆزیتان.. سوپاس بۆ وەفاداری و بە ئەمەكیتان
بەرێزان،
دەزانم كە زۆربەتان چاوەڕوانی هەڵوێست و ڕوونكردنەوە و پەیامێكم لێ دەكەن سەبارەت بەو بڕیارەی كە بەرامبەرم دراوە
هاوڕێیان، وەك پێشتریش چەندین جار ئاماژەم پێداوە كە من ئەندامێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانم و خۆم بە پارێزەرو خەمخۆرو و بچوكی حزبەكەم و خوێنی شەهیدان و مام و رێبازەكەی دادەنێم و ناتوانم لە دسپلینی حزبەكەم لادەم..بۆیە تا ئەو كاتەی كە مەكتەبی ڕێكخستنی بەرێز كە ئەو ئۆرگانە شەرعیەی سەرووی خۆم و ناوەندی دەرەوەیە، كاری لیژنەی لێكۆڵینەوەی لەو بابەتە تەواو نەكات.. بە هیچ شێوەیك هەڵوێست و وەڵامم لەو بارەیەوە نابێت
دووبارە و سەد بارە سوپاس بۆ هەر هەموو ئێوەی بەرێزو خۆشەویست و هەرگیزاو هەرگیز ئەو هەڵوێستە یەكێتی وجوامیرانەیەتان لە یاد ناكەم
لە كۆتاییدا هەر ئەوەندە دەڵێم كە
سەفین لە بن دێت و یەكێتی لە بن نایت
هەر شەكاوە بێت ئاڵا سەوزە جوانەكەی یەكێتی
نەفرەت لە ناحەزانی حزبی شەهیدان
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد





PM:10:12:01/08/2017