یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازیەکان: جموجۆڵی بازرگانی وەک خۆیەتی


یەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازیەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی بازاڕەوە هاتنە دەنگ و ڕایدەگەیەنن "کەمبوونەوە و گرانبوونی خۆراک ڕەتدەکەینەوە".

ئەمرۆ رێكەوتی ٢٠١٧/٨/٣ کۆبوونەوەی ئاسایی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوور بازرگانیەکان ڕایگەیاند " لە كۆبوونەوەكەدا باس لە رەوشی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان كراوە".

ئاماژەی بەوەشدا لە كۆبوونەوەكەدا باس لە چۆنیەتی بەشداری پێکردنی كەرتی كشتوكاڵی بۆ ناو ژوورە بازرگانیەكان كرا .

ڕاشیگەیاند "لەکۆبونەوەکەدا ئاماژە بەوەشكرا كە لە ئێستادا هەموو ئەو پروپاگەندانە رەتدەكەینەوە كە باس لە گرانبوون  و كەمبوونەوەی خۆراك لە هەرێمی كوردستان دەکەن، بەردەوام ژوورە بازرگانیەکان  لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان و خاڵە سنووریەكان كە جوولە و جموجۆڵی بازرگانی وەكو خۆیەتی و هیچ گرانبوون و كەمبوونەوەیەك خۆراك لە بازارەكاندا نیە" .

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ڕیفراندۆم دەنگۆی کەمبوونەوە و گرانبوونی خۆراک لە بازاڕەکاندا بڵاوبۆتەوە و هاوڵاتیانیش ڕوویانکردۆتە کڕینی گەنم و کەرەستەکانی دیکەی خۆراک کە بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە.



PM:10:40:03/08/2017