بەڕێوەبەرایەتی
گشتیی تەندروستی دهۆك ئاشکرایکرد لە ماوەی
سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە سەردانی نەخۆشخانەكانی دهۆكیان
كردووە و بەگشتی ٨٨١ ئاوارە لە نەخۆشخانەكان گیانیان لە دەست داوە.
دكتۆر نزار عیسمەت بەڕێوەبەری گشتیی
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆك لە پرێس کۆنفرانسێکدا وتی، لە ماوەی سێ ساڵی
رابردوودا دوو ملیۆن و 392 هەزار و 826 ئاوارە سەردانی بنكە و نەخۆشخانەكانی
سنووری پارێزگای دهۆكیان كردووە و لەو ژمارەیە 881 ئاوارە لە نەخۆشخانەكان گیانیان
لە دەست داوە.
ڕاشیگەیاندووە
"لەو ماوەیەدا 15 هەزار و 130 نەشتەرگەری بۆ ئاوارەكان ئەنجام دراون و 74
هەزار و 450 ئاوارە لە نەخۆشخانەكانی دهۆك لەسەر قەرەوێلەكان خەوێنراون، هەموو ئەو
هاوكارییانەش لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی بووە و هیچ
هاوكارییەكی پێویست لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە نەكراون، ئەمە لە كاتێكدایە كە
بەشێكی زۆری ئەو ئاوارانە لە مووسڵ و ناوچەكانی سەر مووسڵ هاتوون ، جگە لەو
ئاوارانەی كە لە شنگال ، زومار، رەبیعە و تلكێف و شوێنەكانی ترەوە هاتوون.