هەرێم داوای کردووە ئەمریکا بە فەرمی داوای دواخستنی ڕیفراندۆم بکات

بەرپرسێکی باڵای یەکگرتوو ڕایگەیاند، لەسەر دواخستنى ڕیفراندۆم، هەرێم بە ئەمریکاى وتووە، بە نوسراو داواى دواخستنى ڕیفراندۆم بکەن.


سەمیر سەلیم، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو بە ئاژانسی ئانادۆڵی تورکی ڕاگەیاندووە، ئەمریکییەکان بە چەند شاندێک هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی هەرێم گفتوگۆیان کردووە و تێبینییان لەسەر وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەیەو داوا دەکەن وادەی ئەنجامدانی دوابخرێت.

وتیشی، لەبەرامبەریشدا هەرێمی کوردستان داوای لە شاندەکانی ئەمریکا کردووە کە لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە نوسراوێکی فەرمی داوا لە هەرێم بکەن کە ڕیفراندۆم دوابخەن و ئەوان کاتەکە دەستنێشان بکەن، بەڵام تائێستا ئەمریکا ئەوەی نەکردووە.

هەروەها سەمیر سەلیم ڕاشیگەیاندووە، پێناچێت هەرێمی کوردستان بچێتە ژێر باری ئەو گفتوگۆ زارەکییانەوە، تائێستاش هیچ گۆڕانکارییەک نەکراوە و ئەمریکاش خۆی لەوە دەپارێزێت کە بەنوسراوی فەرمی داوای دواخستنی وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بکات.

کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو ڕونیشکردووەتەوە، ئەمریکا لە ناوچەکەدا خەریکی دووبارە دیزاینکردنی نەخشەی سیاسییە، بۆ ئەوەش پێویستی بە سڕکردنی ناوچەکە هەیە، هەر هەنگاوێک لە دیدەی ئەمریکاوە ئیستیفزازی ئەو جەستەیە بکات، ئەوا لە بەرژەوەندی پڕۆسە سیاسییەکەی ئەمریکادا نابێت.



PM:05:40:06/08/2017