نێچیرڤان بارزانی زانیاری نوێی لەسەر سیستەمی مووچە ئاشکراکردووە

بەرپرسێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی لە زاری نێچیرڤان بارزانییەوە ئاشکرای دەکات حكومەت راپۆرتێكی لەبارەی سیستمی نوێی موچە ئامادەكردووەو دەیدات بەبانكی نێودەوڵەتی بۆئەوەی رەزامەندی لەسەر ئەو رێژەیە بدات كە دیاریكراوەو نزیكەی (70%)ی موچەیە.

هەفتەی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەفدێكی هاوڕێی سەردانی سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی کردووە و بە وتەی د.عومەر محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو "سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەڕاپۆرتێك كرد كە بەنیازن بیدەن بەبانكی نێودەوڵەتی بۆئەوەی ئەو رێژەیەی دانراوە بۆ سیستمی نوێی موچە كە نزیكەی (70%)ی موچەیە، لەلایەن بانكی نێودەوڵەتییەوە پەسەند بكرێت".

ناوبراو بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی وتووە، "راپۆرتەكە لەكۆمەڵێك داتاو زانیاری پێكهاتووەو لەلایەن وەزارەتی پلاندانان و داراییەوە ئامادەكراوەو وەزیرەكان ئاگادارن، پێشكەشی بانكی نێودەوڵەتی دەكرێت، ئەوانیش لەسەر بنەمای داهاتی هەرێم و خەرجییەكان و ژیانێكی شەرەفمەندانە، بڕیار لەسەر رێژەی موچەی فەرمانبەران دەدەن".

ڕوونیشی کردووەتەوە "سیستەمی نوێی موچە جیاوازە لەسیستمی موچەی لەعیراق و پێویستە لەلایەن بانكی نێودەوڵەتییەوە رەزامەندی لەسەر بدرێت، پاشان دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە".



PM:09:31:06/08/2017